راپۆرتێک: ئەمریکا خۆی بۆ ئەگەری تێکچوونی دۆخی تایوان ئامادە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسێکی ژاپۆنی دەڵێت، ئەمریکا خۆی بۆ ئەگەری هێرشی چین بۆ سەر تایوان ئامادە دەکات و لە ئێستاوە پلان بۆ ناردنی هێز بۆ ژاپۆن و فیلیپین دادەڕێژێت.
 
ئاژانسی کیۆدۆی ژاپۆنی بە گەڕانەوە بۆ قسەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەکانی ژاپۆن و ئەمریکا، باس لەوە دەکات کە مانگی داهاتوو ئەمریکا، ژاپۆن و فیلیپین پلانی هاوبەش بۆ ئەو ئەگەرە دادەنێن.
 
وەکو ئاژانسەکە باسی دەکات، یەکەیەکی هێزی دەریایی ئەمریکی بە ژمارەیەک مووشەکهاوێژی هایمارسەوە بە درێژایی دوورگەی نانسێی ژاپۆن، کە دەکەوێتە نزیک تایوان، جێگیر دەکرێن.
 
راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بگەنە ئەو بڕوایەی کە تێکچوونی دۆخی تایوان مسۆگەرە، ئەوا لە قۆناخی یەکەمدا بە رێنموونیی سوپای ئەمریکا هەندێک بنکەی سەربازیی کاتی لە دوورگەکانی ژاپۆن دەکرێنەوە، بۆئەوەی لەوێوە بتوانن هێزی دەریایی بۆ چەندین شوێن بنێرن.
 
دەشڵێت، ئەرکی سەرەکیی سوپای ژاپۆن دابینکردنی پشتیوانیی لۆجستی دەبێت بۆ یەکە دەریاییەکان، لەنێویاندا دابینکردنی سووتەمەنی و چەک و تەقەمەنی.
 
کیۆدۆ ئەوەشی باسکردووە، سوپای ئەمریکا هێزێک بە مووشەکی دوورمەوداوە لە فیلیپین جێگیر دەکات.
 
ئەمریکا، ژاپۆن و فیلیپین تاوەکو ساتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هیچ قسەیەکیان لەوبارەیەوە نەکردووە.
 
بەرپرسانی رۆژئاوا دەڵێن، چین لە کۆکردنەوەی توانای سەربازی بەردەوامە و گوشارەکانیشی بۆ سەر دوورگەی خۆبەڕێوەبەریی تایوان قورستر کردووە.
 
تایوان خۆی بە وڵاتێکی سەربەخۆ دادەنێت، بەڵام چین وەکو بەشێک لە خاکی خۆی دەیبینێت و مکوڕە لەسەر ئەوەی بە ئاشتی یان هێز بیگەڕێنێتەوە ژێر فەرمانڕەوایی ناوەندیی پەکین.
 
ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بووە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، کە ناڕەزایی پەکینی لێکەوتووەتەوە. چین زوو زوو کەشتیی سەربازی لە گەرووی تایوان و دەریای باشووری چین جێگیر دەکات و فڕۆکەی جەنگی دەفڕێنێت.
 
تەنیا 13 وڵات تایوان بە وڵاتێکی سەربەخۆ هەژمار دەکەن و زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ئەمریکاشەوە، دانیان بە سەربەخۆیی تایوان دا نەناوە.