رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، عێراق پەکێشی نێو شەڕی ناوچەکە بکەن.
رۆژی دووشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2024، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "چەند جارێک گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر ئەم پرسە هەبوو، هەروەک چەند جارێک لێرەوە قسەم بۆ تۆ کردووە، هەڵوێستی ئێمە روون بووە، ئەو گرووپە میلیشیایانەی کە سەر بە ئێرانن و لە عێراقن، وڵاتەکە دەخەنە بەردەم مەترسیی ناسەقامگیرکردن. هەروەها، مەترسیی ئەوەیان هەیە لە رێگەی هێرشەکانیان چ لە ناوەوە یان دەرەوەی سنووری عێراق، عێراق بخزێننە نێو جەنگێکی هەرێمی."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "ئێمە هاوبەشییەکی ئەمنیی بەهێزمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، هەروەها ئێمە ئەوانمان لەبارەی مەترسیی ئەو گرووپە چەکدارانە ئاگادارکردوونەتەوە، کە سەربەخۆیانە جموجۆڵ لە دژی بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکەن. ئێمە لەسەر ئەم شتە بەردەوام دەبین."
ئەمە لەکاتێکدایە، سەرباری ئەوەی حکومەتی عێراق گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ 'مقاوەمەی ئیسلامی' دەستپێکردووە، بەڵام ئەوان گوێی پێ نادەن و بەردەوامن لە هێرشەکانیان. ئەمە ترسی گەورەی خستووەتە دڵی بەرپرسانی عێراق لە هەڕەشە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەیان.
رۆژی دووشەممە، 25ـی تشرینی دووەم سەبهان مەلا جیاد، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی لە بەغدا گوت: "بەدڵنیاییەوە کەناڵی پەیوەندی هەیە لە نێوان حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان. هەروەها لە نێوان عێراق و فەرماندەی بەرەی مقاوەمە کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، گفتۆگۆ هەن بەو ئاراستەیەی عێراق بتوانێت ئەو چالاکییە چەکدارییانە رابگرێت. لانیکەم لە خاکی عێراقەوە نەبێت، تا دەگەینە چارەسەرێکی سیاسیی گونجاو بۆ ئەم دۆخەی دروستبووە."
هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێن، گرووپە چەکدارەکان دەڵێن بۆ پشتیوانیکردنە لە فەلەستین و لوبنان.
لە ماوەی 20 رۆژی رابردوو دا لانیکەم گرووپە چەکدارەکان کە خۆیان بە مقاوەمی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن 65 هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل. حکومەتی عێراق هەرچی دەکات و دەڵێت، ناتوانێت بەر بەم گرووپانە بگرێت، لەولاشەوە ترسی گەورەی لێ نیشتووە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر عێراق. دۆخێک دروستبووە هەمووانی خستووەتە دڵەڕاوکێوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ماتیو میڵەر:
رووداو: زۆر سوپاس مات، سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل لە عێراق، حکومەتی عێراق ئەم هەفتەیە چوونە ئەنجوومەنی ئاسایش، کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی ئەنجوومەنی هاریکاری ئیسلامیش، دیپلۆماتکارانی عێراق دەڵێن، قسەیان لەگەڵ ئێوەش کردووە، ئایا پەیوەندییان پێوەکردوون، هەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەم دۆخە چییە؟
ماتیۆ میڵەر: چەند گفتوگۆیەکمان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر ئەم پرسە هەبوو، هەروەک چەند جارێک لێرەوە قسەم بۆ تۆ کردووە، هەڵوێستی ئێمە روونبووە، ئەو گرووپە میلیشیایانەی کە سەر بە ئێرانن و لە عێراقن، وڵاتەکە دەخەنە بەردەم مەترسیی ناسەقامگیرکردن. هەروەها، مەترسیی ئەوەیان هەیە لە رێگەی هێرشەکانیان چ لە ناوەوە یان دەرەوەی سنووری عێراق، عێراق بخزێننە نێو جەنگێکی هەرێمی. ئێمە هاوبەشییەکی ئەمنیی بەهێزمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، هەروەها ئێمە ئەوانمان لەبارەی مەترسیی ئەو گرووپە چەکدارانە ئاگادارکردوونەتەوە، کە سەربەخۆیانە جموجۆڵ لە دژی بەرژەوەندییەکانی عێراق دەکەن. ئێمە لەسەر ئەم شتە بەردەوام دەبین.
رووداو: باشە، ئەم گرووپانە، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، راگەیێندراوێکیان دەرکردووە و دەڵێن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن، ئێوە پێتانوایە ئیسرائیل مافی خۆیەتی لەدژی ئەو گرووپانە بەرگری بکات و لە نێو عێراق هێرشیان بکاتە سەر؟
ماتیۆ میڵەر: هەموو وڵاتێک مافی ئەوەی هەیە لە دژی هێرشی تیرۆریستی بەرگری لەخۆی بکات. ئەمە بۆ هەموو وڵاتێکی جیهان راستە؛ بەڵام ئێمە هەوڵی زۆرمان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە داوە، بۆ ئەوەی رێگە لە زیادبوونی گرژییەکان بگرین و نەهێڵین وڵاتانی دیکە راپێچی ئەو تەنگژەیە بکرێن، ئەمە بێگومان عێراقیش دەگرێتەوە. هەربۆیە، لەگەڵ حکومەتی عێراق زۆر روون و ئاشکرابووین، پێویستە [عێراق] هەموو شتێک بکاتبۆ ئەوەی رێگە لەم جۆرە هێرشانە بگرێت.
رووداو: دواین پرسیار، حکومەتی عێراق دەڵێت، لەژێر بەندی سێیی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق بەرپرسیارییەتی هەیە بۆ رێگریکردنی لەو هەڕەشانەی سەر عێراق، پێتانوایە کە ئەو بەرپرسیارییەتییەتان هەیە بۆ رێگریکردنی لەو هەڕەشانەی سەر عێراق؟
ماتیۆ میڵەر: ناتوانم بۆ رای گشتی قسە لەسەر ئەوە بکەم. ئێمە بەردەوام دەبین لە تاوتوێکردنی ئەم شتە لەگەڵ عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ