چین دوو مانگی دەستکردی بە توانای وێنەگرتنی ئاست بەرز رەوانەی خولگەی زەوی کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چین دوو مانگی دەستکردی رەوانەی خولگەی زەوی کرد، کە دەتوانن بە ئاستێکی بەرز وێنەی زەوی بگرن و چاودێریی کەشوهەوا بکەن.
 
مانگە دەستکردەکان کاژێر 07:39 خولەک بە کاتی نێوخۆی چین، واتە 02:39 خولەک بە کاتی هەولێر، لە ناوەندی جیکوانی هەڵدانی مانگە دەستکردەکان لە باکووری رۆژئاوای چین هەڵدران.
 
دوو مانگە دەستکردەکە لە رێگەی مووشەکی (لۆنگ مارچ 2 سی)ی چینییەوە نێردران.
 
مانگە دەستکردەکان لە لایەن دامەزراوەی زانست و تەکنەلۆجیای بۆشایی ئاسمانیی چینەوە دروستکراون و راداری ئاست بەرزیان تێدایە کە دەتوانن بە درێژایی رۆژ، چاودێریی کەشوهەوا بکەن و بە روونییەکی بەرزەوە، وێنەی گۆی زەوی بگرن، بۆئەوەی بۆ مەبەستی گەڕان بەدوای سەرچاوە سرووشتییەکان، پاراستنی ئاساییشی شار، کاروباری دەریاگەری و بەڕێوەبردنی فریاگوزارییەکان سوودی هەبێت.
 
مووشەکی (لۆنگ مارچ 2 سی) لەلایەن (ئەکادیمیای چینی بۆ تەکنەلۆجیای مووشەک) بەرهەمهێندراوە. مووشەکەکە بە سووتەمەنیی شل پاڵی پێوەدەنرێت و بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ گەشتکردن بۆ خولگەی نزمی زەوی بەکاردەهێندرێت.
 
ئەمە 547ـەمین گەشت بوو لە رێگەی مووشەکەکانی لۆنگ مارچەوە بکرێت.