سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری هێرشی ترەمپ بۆسەر ئێران


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگەیاندووە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لەم چەند هەفتەی رابردوودا رێنماییان پێدراوە بۆئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران پێش ئەوەی کۆتایی بە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بێت لە 20ی کانوونی دووەمی 2021.


ماڵپەڕی ئاکسیۆس-ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی ئیسرائیل رێنمایی بە سوپا داوە لە ئامادەباشیدابن، ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی زانیاریی هەواڵگرییان هەبێت بەوەی ترەمپ فەرمانی هێرشێکی لەو شێوەیە دەدات، بەڵکو لەبەرئەوەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل پێشبینیی "ماوەیەکی زۆر هەستیاری" دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ترەمپەوە بۆ بایدن دەکەن کە بڕیارە لە 20ی کانوونی دووەمی 2021 بکرێت.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییانە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت، ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامادەکارییەکانی سوپای ئیسرائیل پەیوەندیی بە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی هێزەکانی سەر بە ئێرانە بەشێوەی راستەوخۆ یاخود لەڕێگەی هێزەکانی نزیک لێی لە سووریا، غەززە و لوبنان.

هەفتەی رابردوو، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستەڕوو کە ترەمپ باسی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکەی ئەتۆمیی ئێران کردووە لە نەتەنز، ئەمەش لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، ترەمپ ئەو بیرۆکەیەی خستووەتەڕوو دوای ئەوەی باسی لە راپۆرتێکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی نێودەوڵەتی کردووە لەبارەی پەرەپێدانی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام بەرپرسە باڵاکان، لەنێویاندا مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هۆشدارییان داوە لە ریسکی هەڵکشانی گرژییەکان لە ناوچەکەدا. ئەوەش خراوەتەڕوو کە ترەمپ قەناعەتی بەوە کردووە کە هێرشکردنە سەر ئێران بەشێوەیەکی راستەوخۆ زۆر مەترسیدار دەبێت، بەڵام بژارەکانی دیکەی تاوتوێ کردووە.

بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دووجار لەگەڵ کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت قسەی کردووە و تاوتوێی هەماهەنگییەکانی ئێران و سووریایان کردووە.

بەشێک لە میدیاکان وایان بڵاوکردەوە، یەکشەممەی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چاوی بە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کەوتووە، بەرپرسانی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد، یەکێک لەو پرسانەی تاوتوێیان کردووە پرسی ئێران بووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی رابردوو سەردانی ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداوی کرد و تاوتوێی پرسی ئێرانیان کردووە. ئەو بەرپرسانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کە لە سەردانەکاندا لەگەڵ مایک پۆمپەیۆ بوون بە رۆژنامەڤانانیان راگەیاندووە، "هەموو بژارەکان لەسەر مێزن".

لەکاتێکدا پۆمپەیۆ لە وڵاتانی کەنداو بوو، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B52ی گەڕاندووەتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەوەش وەکو ئاماژەیەکی دیکە بۆ ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لێکدانەوەی بۆ کرا.

حوسێن دێهقان، راوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران هەفتەی رابردوو بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاند، هێرشی سەربازیی سوپای ئەمریکا دژی ئێران لەوانەیە ببێتە هۆی "جەنگێک" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.