جیاوازیی تیمی بایدن و ترەمپ و تێڕوانینیان بۆ جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 
رووداو دیجیتاڵ
 
دەستنیشانکردنی ئەندامانی تیمە یاریدەدەرەکەی جۆ بایدن، براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رووداوێکی لەناکاو و پێشبینینەکراو نەبوو، بەتایبەت ناوهێنانی کەسێکی وەک ئەنتۆنی بلینکن و دەستنیشانکردنی بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە گەورەترین دامەزراوەی دیپلۆماسییە لە وڵاتدا.
 
بلینکن ساڵانێکی بەرچاو لەگەڵ بایدن لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەدا بەشداریکردووە، بایدن شارەزایەتی و ئەویش بیرکردنەوەکانی سەرۆک لەسەر دۆسێیەکان باش دەزانێت. جیا لە بلینکن، ژمارەیەک ناوی دیکە لە پۆستە باڵاکانی حکومەتی داهاتووی ئەمریکادا خراونەتەڕوو، ئەو کەسایەتییانەی ناوەکانیان بە پۆستەکانەوە بەستراوەتەوە، پێشتر لە بواری جیاوازی ئیدارەکانی ئەمریکادا کاریان کردووە، دونیابینی و بۆچوونی خۆیان هەیە و زۆرینەیان لەو کەسانەن، ساڵانێکی زۆرە لەنێو پارتی دیموکراتی ئەمریکادا سەرکردایەتی بەرە جیاوازەکان دەکەن.
 
تیمەکەی بایدن، چاوی زۆریان دەکەوێتە سەر، ئەوان دەبنە دەستوپێی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا و کەسانی کاریگەر و بڕیاردەری یەکلاییکەرەوە لەسەر دۆسێ جیاوازەکان، بەتایبەت ئەو دۆسێیانەی کە بۆ ئەمریکا لە ناوخۆ و دەرەوە گرنگن. جیاواز لەوە، پۆستە هەستیارەکانی ئەمریکا لەلایەن بایدنەوە دەدرێنە دەست ژمارەیەک کەسایەتی، کە زۆرینەیان لەگەڵ دوا سەرۆکی دیموکراتی ئەمریکادا کاریان کردووە، کە باراک ئۆبامایە، لە ماوەی رابردووشدا ئەو کەسانە، زۆرینەیان لە تیمەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکە تەمەن 78 ساڵییەکەی ئەمریکادا بوون.
 
لە تیلەرسنەوە بۆ بلینکن
 
بەر لە چوار ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، لەم کاتانەدا و پاش مسۆگەرکردنی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە هیلاری کلنتن، سەرقاڵی پێکهێنانی ئەندامانی کابینەی حکومەتەکەی بوو، ئەوکات دونیا وەک بڕیارێکی پێشبینینەکراو پێشوازی لە دەستنیشانکردنی ریکس تێلەرسن، بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
 
ترەمپ کاتێک بڕیاری دا تیلەرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای 'ئیکسۆن مۆبیل'، بکاتە بەرپرسی یەکەمی دیپلۆماسیەت لە وڵاتەکەیدا، هەنگاوەکەی هەنگاوێکی ئاوارتە و پێشتر نەبینراو بوو، چونکە ئەوە یەکەمجاربوو سەرۆکی ئەمریکا کەسێک بکاتە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، پێشتر هیچ ئەزموونێکی لە بواری دیپلۆماسیدا نەبێت، نە پێشتر ئیشی تێدا کردبێت، نە ئەکادیمیانەش خوێندبێتی. تیلەرسن تەنانەت هیچ ئەزموونێکی سەربازیی و ئیدارەدانی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانیشی نەبوو. تەنانەت بەر لە دەستنیشانکردنەکە، ترەمپ تەنیا یەکجار چاوی بە تیلەرسن کەوتبوو و لەگەڵیدا دانیشتبوو.
 
ئێستا جۆ بایدن، ناوی هەندێک لە ئەندامان و وەزیرانی حکومەتەکەی راگەیاندووە، جیا لە بلینکن وەک وەزیری دەرەوە، جاک سۆلیڤان بۆ پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشانکراوە، هەروەها ئاڤریل هینز دەبێتە یەکەم ئافرەت لە مێژووی ئەمریکادا، دەبێتە بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی و بەرپرس دەبێت لە کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکا. 
 
بایدن هەروەها جۆن کیری، وەزیری پێشووی وڵاتەکەی وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ ژینگە و ئەندامێتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشانکردووە، جیا لەوەش لیندا تۆماس گرینفێڵد، دەبێتە باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەلیساندرۆ مایۆرکاسیش دەبێتە یەکەم ئەمریکی بنەچە لاتینی، پۆستی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ وەردەگرێت.
 
پێچەوانەی تیمەکەی ترەمپ
 
هەموو ئەوانەی لەگەڵ بایدن پۆستە باڵاکانی حکومەتی ئەمریکا وەردەگرن، لە رووی شێواز و ئەزموونەوە، تەواو پێچەوانەی هاوتاکانیان کە لەگەڵ ترەمپدا کاریان کردووە، تیلەرسن رووبەڕووی تەنگژەی زۆر بووەوە، راستگۆیانە گوزارشتی لە ئاراستەکانی بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانی ترەمپ نەدەکرد. هەرچی راوێژکارە یەکلەدوای یەکەکانی ئاسایشی نەتەوەییە، لەگەڵ ترەمپدا دووچاری پێکدادان و جیاوازی قووڵ بوونەوە.
 
هەرچی بلینکنە بنەچەی لە ماڵباتێکی دیپلۆماتی قورس و لەسەرخۆوە هاتووە، ئەزموونێکی فراوانی لە سیاسەتی دەرەوەدا هەیە، ئەزموونەکانی خۆی لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا کەڵەکەکردن، کاتێک لەگەڵ سەرۆک بیل کلنتندا کاری دەکرد، دواتر بلینکن بووە بەڕێوەبەری تیمی کار لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران، لە کاتێکدا بایدن سەرۆکی ئەو تیمە بوو. پاشانیش بووە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بایدن، کاتێک بایدن بووە جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک ئۆبامادا. پاش ئەوە، بلینکن بووە یاریدەدەری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە کابینەکەی باراک ئۆبامادا، جیا لەوەش بووە پیاوی دووەم، لەپاش جۆن کیری وەزیری دەرەوەی پێشووی وڵاتەکە.
 
بلینکن و سۆلیڤان
 
جیا لە ئەزموونە درێژەکەی لە سیاسەتی دەرەوە، بلینکن هاوتای بایدن بوو لەماوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەمساڵدا، هەروەها هاوکاری بوو لە دامەزراندنی دامەزراوەی تایبەت بەخۆی لەدوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی. هەر لەبەر ئەوە کاتێک بلینکن لە داهاتوودا ئەمسەرو ئەوسەری دونیا دەکات، بەناوی دیپلۆماسیەتی ئەمریکاوە، کەس گومانی لەوە نابێت کە ئەو، بەناوی بایدنەوە قسە دەکات. ئەمە خەسڵەتێکە پێشتر بووەتە سەرچاوەی سەرکەوتنی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، لەوانەش جەیمس بیکەر، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆرج بووشی باوکدا، یاخود کۆندۆلیزا رایس، کاتێک لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆرج بووشی کوڕدا، وەزیری دەرەوە بوو.
 
بەهەمان شێوە سۆلیڤان ئەندامێکی کارا و سەرەکی پاڵ بایدن بوو لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەمساڵدا، ئەو دەستپێخەری گەڵاڵەکردنی پلانەکەی بوو بەناوی 'سەرلەنوێ بونیادنانەوە بەشێوەیەکی باشتر'، کە تایبەتە بە تەندروستکردنەوەی وڵات لە دوای تەنگژە تەندروستی و داراییەکانی پاش پەتای کۆرۆنا. بەرلەوە سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بووە بۆ بایدن، کاتێک ئەو جێگری سەرۆک بوو، هەروەها پۆستی بەڕێوەبەری پلاندانانی سیاسی، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەبووە، کاتێک هیلاری کلنتن، وەزیری دەرەوە بوو. سۆلیڤان یەکێک بوو لە گەورە راوێژکارانی هەڵمەتەکانی هیلاری لە ساڵی 2016دا.
 
هەروەک چۆن بلینکن لە تیلەرسن جیاوازە، بەهەمان شێوە سۆلیڤانیش لە مایکڵ فلین جیاوازە. فلین تەنیا یەک مانگ لە پۆستەکەیدا بوو، کاتێک ئاشکرایکرد درۆی لەگەڵ لێکۆڵەرانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیدا کردووە ئەوکاتەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کردووە لەبارەی قسەکردن لەگەڵ رووسەکاندا.
 
هەمان جیاوازی لە کەسایەتی و هەڵسوکەوتی لیندا تۆماس گرینفیڵددا بەرامبەر نیکی هایلی بەرجەستەدەبێت، ئەمەی دواییان باڵیۆزی ئەمریکایە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوەی یەکەمیان دەچێتە جێگەکەی، کاتێک بایدن کلیلەکانی کۆشکی سپی وەردەگرێت.
 
هایلی هیچ ئەزموونێکی لە سیاسەتی دەرەوەدا نەبوو، لە کاتێکدا گرینفیڵد بۆ چەندین ساڵ سەرتۆپی دیپلۆماسیەتی ئەمریکا بووە لە ئەفریقیادا، لەماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆک ئۆباما. ئەو وەک یاریدەدەری وەزیری دەرەوە ماوەی 35 ساڵ کاری کردووە و لە دیپلۆماسییەتدا قاڵبووەتەوە، بەرلەوەی لە 2017دا خۆی کەنار بگرێت.
 
بایدن بەئومێدە لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ترەمپ پاشەکشە بکات، ئەو بەڵێنی داوە لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆک، ئەمریکا بگێڕێتەوە ناو رێککەوتنی پاریس لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ژینگەوە. هەروەها بەڵێندارە بە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پاشەکشەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی. ئەمە جیا لە گەڕانەوە بۆ دۆسێی ئەتۆمیی ئێران و پەیماندان بەپشتگیری هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان، لە شێوەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، هەروەها وەرگرتنی هەڵوێستی تووندتر بەرامبەر رووسیا و دانانی مافەکانی مرۆڤ، وەک پێشینەی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا.
 
هاوکارەکانی بلینکن لە ناوەندی دیپلۆماسیی ئەمریکادا دەڵێن، ئەو بیرکردنەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ بایدن هەیە، لەبارەی سیاسەتەکانی دەرەوە، هەردووکیان باوەڕیان بەتێکهەڵکێشکردنی دیپلۆماسیەت بە دەستتێوەردانی سەربازی هەیە.
 
ئەگەر بایدن ئەم بیرکردنەوەیەی کردبێتە روانگەی تێڕوانینی بۆ کێشەکان، بەر لە گەیشتنە کۆشکی سپی، ئەوە بلینکن بۆ نموونە لەهەندێک بابەتدا تووندترە. ئەو داوای تووندتربوونی ئەمریکای کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی رووسیادا. وەک دوژمنێک تەماشای دەکات، هەر خۆیشی ئەندازیاری ئەو سزایانە بوو، کە ئەمریکا وەک وەڵام لەبەرامبەر پێوەلکاندنی دوورگەی کریمیا بە رووسیاوە لە 2014دا، بەسەر ئەو وڵاتەیدا سەپاند.
 
چین و ئێران
 
لەبارەی چینەوە، پێشبینیدەکرێت سەرۆکی هەڵبژێردراو و بلینکنی وەزیری دەرەوە، هەڵوێستی بەهێزتریان دژ بە هەڵسوکەوتەکانی پەکین هەبێت، لەبارەی دۆسێی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە دیموکراتییەکان و هەڵوێستە سەربازییەکانی، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ئاسیادا. هەروەها پاراستنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و دزینی موڵکایەتی هزری. بەڵام ئەوەش لەبیرناکرێ، کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا ناچارە لە دۆسێیەکانی وەک بازرگانیدا هاوئاهەنگی لەگەڵ چین بکات، لەگەڵ جیهانیشدا دەبێ یارمەتیدەربێت بۆ قەڵاچۆکردنی پەتای کۆرۆنا و لە بواری ژینگەشدا دەبێ هاوتای دونیا بێت.
 
لەبارەی ئێرانەوە، بلینکن کە دەرچووی زانکۆی هارڤاردە، رۆڵێکی پێشەنگی هەبوو لە تێپەڕاندنی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە، لە ساڵی 2015دا لە کۆنگرێس، ئەو بەدرێژایی رۆژانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بایدن، دووپاتیدەکردەوە کە پاشەکشەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە لە 2018، ئاسایشی ئیسرائیلی زیاتر خستووەتە مەترسییەوە.
 
بلینکن لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەری 'جیوش ئینسایدەر' مانگی رابردوو گوتی، تەنانەت ئەگەر رێککەوتنەکە بەشێوەیەک لە شێوەکان نوێش بکرێتەوە و سزاکانی سەر ئێران هەڵبگیرێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامدەبێت لەسەر سزا نائەتۆمییە سەپێنراوەکان لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە بەسەر ئێراندا، ئەمەش وەک جۆرێک لە هێزکۆکردنەوە، دژ بە هەڵسوکەوتەکانی ئێران لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان. زیاتریش گوتی خۆی لەخۆیدا قورسە لە رووی سیاسی و تەکنیکییەوە، ئابڵووقەکانی سەر ئێران هەڵبگرین.
 
هەروەک چۆن بلینکن لە دۆسێی ئێرانەوە گلاوە، هەمان شت بۆ جاک سۆلیڤانیش راستە، کە پۆستی گەورە دانوستاندنکاری لە دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێراندا هەبووە لەسەردەمی ئۆبامادا و رۆڵی گەورەی لە ناوچەی ئاسیادا هەبووە.
 
پشتگیریی ئیسرائیل
 
بلینکن هاوشێوەی بایدن، پەیوەندیی تووندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا هەیە، ئەو پەیوەندییانە لە دەیان ساڵی رابردوودا دروستبوون، ئەو هەمیشە پشتگیری ئیسرائیل بووە. بلینکن کە لە نیویۆرک لە باوانێکی جوو لەدایک بووە، تیشکدەخاتە سەر پشتگیری بایدن بۆ تەلئەڤیڤ. لە کۆبوونەوەیەکی ناوخۆیی پارتی دیموکراتدا دووپاتیکردووەتەوە، ئیدارەی بایدن بەهەموو شێوەیەک پشتگیری ئیسرائیل دەکات. بەڵێنی داوە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، بەهیچ بڕیارێکی سیاسیی تەلئەڤیڤەوە پابەند نەکرێن. ئەو ئاشکرایکردووە ئیدارەی بایدن، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس دەهێڵێتەوە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری ئەو هەنگاوە دەکات، ئەمەش هاوئاهەنگە لەگەڵ هەڵوێستەکانی بایدن، کە لە ئایاری رابردوودا نووسیبووی: بەتووندی دژی بایکۆتکردنی کاڵاکانی ئیسرائیل دەوەستێتەوە و لە دژی کشانەوەی وەبەرهێنانەکان و سەپاندنی سزایە بەسەر ئیسرائیلدا. لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر بلینکن هۆشداری دابوویە بینیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەبارەی فراوانخوازی لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبووندا لە وڵاتەکە.
 
بلینکن هەروەها رەخنەی لە بڕیاری تاکلایەنەی ئیدارەی ترەمپ گرتبوو، لەبارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بۆ قودس، ئەو بۆ تەلەڤزیۆنی 'فرانس 24' گوتبووی، قودس پایتەختی ئیسرائیلە و تاهەتایە هەروا دەمێنێتەوە، بەڵام دەبێ وەک بەشێکیش لە دۆسێی دانوستاندنەکانی داهاتوو و یەکلاییکردنەوەی کۆتایی کێشەکان، لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا بمێنێتەوە.
 
ویستی دەستتێوەردانی سەربازی
 
وێڕای هەموو هاوڕاییەکان، هێشتا هەندێک تێڕوانینی جیاواز لە نێو ئەندامانی تیمەکەی بایدندا دەمێنێتەوە. بۆ نموونە بلینکن ئەگەرچی بۆچوونێکی میانڕەوانەی هەیە لە بەرامبەر رووداوەکانی جیهاندا، بەڵام ئەو ناوە ناوە پشتگیری هەڵوێستەکانی دەستتێوەردانی سەربازیی ئەمریکای لە جیهاندا کردووە. ئەو هەروەها جیاواز لە بایدن بیریکردەوە، لەبارەی پشتگیری سەربازیی لیبیا و هانی دەستتێوەردانی دا بۆ لێخستنی قەزافی. لە ماوەی کارکردنیدا لە ئیدارەی ئۆباما، داوای دەستتێوەردانی سەربازیی ئەمریکای کرد لە سووریادا.
 
بۆچوونی بلینکن
 
ئەو بۆچوونە جێگیرانەی بلینکن ، هەندێکجار ئەویان رووبەڕووی رەخنە کردووەتەوە. رۆبێرت رایت، نووسەری چەپخوازی ئەمریکی دەڵێ، ئەو زۆرینەی کات کردەی سەربازی پێش دیپلۆماسیەت دەخات بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە فراوانخوازییەکان، کە دەماری رووسیا و چینی پێدەگرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە بلینکن بەشداربووە لە دروستکردنی کۆمپانیای سیاسەتە ستراتیژییەکانی میشێل فلۆرنۆی، کە دیارترین بەربژێرە بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری لە ئیدارەی بایدندا، بەوەش ئەو دەبێتە یەکەم ئافرەت لە مێژووی پێنتاگۆندا ئەو پۆستە وەردەگرێت.
 
پێدەچێ دونیابینی بلینکن لەرێگەی هاوژینەکەی دایکییەوە گەڵاڵەبووبێت کە ساموێل بیسارە. ئەو لە هۆڵۆکۆست و کۆمەڵکوژییەکانی نازیەت رزگاری بووە. هەربۆیەش لە ساڵی 2013دا بە رۆژنامەی 'واشنتن پۆست'ی راگەیاندووە، دڕدۆنگە لە بەرامبەر گازە ژەهراوییەکانی سووریا، چونکە بەکارهێنانی ئەو گازە رەگەکەی بۆ سەردەمی نازییەکان دەگەڕێتەوە کە بەهۆیەوە "ماڵباتەکەی منیان قڕکرد".
 
شکست لە سووریا
 
لە ئایاری رابردوودا، بلینکن لە لێدوانی بۆ تۆڕی 'سی بی ئێس'ی ئەمریکی، بەداخبوونی خۆی لەبەرامبەر شکستی ئیدارەی باراک ئۆباما لە سووریادا دەربڕی. ئەو گوتی ترەمپ دۆخەکەی خراپترکرد، بەهۆی پاشەکشەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکاوە لەوێ، ئەوەش ئەمریکای بێتوانا کرد.
 
ئەو هەروەها دانی ناوە بە شکستی ئیدارەکانی ئۆباما و ترەمپ، لە رێگرتن لە زیانە مرۆییە گەورەکان، هەروەها رێگرتن لە کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی سووریا، لەگەڵ کارکردن بۆ رێگرتن لە ئاوارەبوونیان بۆ دەرەوەی سووریا، ئەو دەڵێ "ئەوکارە هەتا لە ژیاندا بم ئازارم دەدات".
 
بلینکن لە ماوەی کارکردنی لەگەڵ ئیدارەی ئۆبامادا، لایەنگری رێگەدان بەهاتنی زیاتری پەناهەندەکان بوو، بۆ ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کاتێک ئەو وەزارەتی دەرەوەی بەجێهێشت لە 2017دا، لانی بەرزی پێشوازی لە پەناهەندە نوێیەکان لە ئەمریکادا 110 هەزار کەس بوو، بەڵام ترەمپ ژمارەکەی بۆ تەنیا 15 هەزار کەمکردەوە، لە کاتێکدا بایدن بەڵێنی داوە ژمارەکە بۆ 125 هەزار کەس بەرز بکاتەوە، پاش ئەوەی دەچێتە کۆشکی سپی.