لە ئیتاڵیا رۆبۆت و مرۆڤ پێکەوە وێنە دەکێشن

رووداو - هەولێر

زانایانی ئیتاڵی رۆبۆتێکیان دروستکردووە کە لەگەڵ هونەرمەندان کاردەکات بۆ دروستکردنی تابلۆ و وێنە، ئەوەش دەبێتە یەکەم کاری رۆبۆتەکان لەو بوارەدا. رۆبۆتەکە بەشێوەیەک پرۆگرام کراوە  کە ناتوانێ زیاتر لە یەکجار هەمان وێنە بکێشێتەوە، بۆیە وێنەکانی جیاوازن.

پڕۆفیسۆرێک لە زانکۆی تریستی لە ئیتاڵیا رۆبۆتێکی بەناوی "بوسکەرە" درووستکردووە، بە هاوبەشی لەگەڵ مرۆڤ کاری هونەری ئەنجامدەدات.

بوسکەرە، تەمەنی دوو ساڵە، دەستکردی دەستی پڕۆفیسۆر پاولۆ گالینایە، شارەزا لە بواری مەکینە و رۆبۆت. پاولۆ شیدەکاتەوە چۆن ئەو رۆبۆتە نیگار دەکێشێت و بەپێی ئەو فەرمانانەی پێیدەدرێت رەنگەکان هەڵدەبژێرێت.

پاولۆ گالینا دەڵێت "خەڵک هەمیشە سەرقاڵی کاری هونەرین، بەڵام ئەمەش راستە کە مرۆڤ هەمیشە هەوڵیداوە ئامێر لە کارەکانیدا بەکاربهێنێت، تاوەکو شتێکی جیاواز بەرهەمبهێنێت. ئەمە روویداوە و بەردەوامیش روودەدات. 30 هەزار ساڵ لەمەوبەر کاتێک نەخشاندن لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان ئەنجامدەدرا، بەئاشکرا هەستپێدەکەی ئامێری تایبەت بۆ نەخشاندن بەکارهاتووە. ئەگەر کاربۆن لە ئاگر دەستنەکەوتبایە ئەم جۆرە نیگارانە ئێستا نەدەبوون".

بوسکەر بە رێگەی ئەلگۆریتم یارمەتی مرۆڤ دەدات نەخش و نیگارەکانی بکێشێت، خوێندکارێکی دکتۆرا لە زانکۆی تریستی زیاتر چۆنێتی کارکردنەکە شیدەکاتەوە. 

لۆرێنزۆ سکالێرا دەڵێت "لە وێنەیەکی دیجیتیاڵی دەستپێدەکەین و وێنەیەکیشمان لەبەردەستە لە پیکسڵەکانی کۆمپیتەر پێکهاتووە، ئینجە تەکنیک و ئەلگۆریتم بەکاردەهێنین. هەندێک بەش خۆیان ئامادەن و بۆ هەندێکیشیان خۆمان ئامادەیان دەکەین. ئەم ئەلگۆرتیمانە چین؟ ئەوان چەند پێکهاتەیەکی بیرکارین و تەنیا بەشێکی وێنەمان بۆ دەردەهێنێت کاری لەسەر بکەین کە پێویستمان پێیەتی. ئەلگۆریتم بەکاردەهێنین تاوەکو کار لەسەر لێوارەکانی وێنەیەک بکەین. ئەلگۆریتم بەکاردەهێنین تاوەکو کار لەسەر شوێنێکی تاریک بکەین، یاخود شوێنە گەورەکان، یاخود بتوانین باکگراوندی وێنەیەک رەنگبکەینەوە تاوەکو خۆی بەشێوازێکی دیکە بنوێنێت".

ئەگەر هونەرێک دووبارەکردنەوەی ئاسانبوو، نرخەکەشی هەرزانترە، بەڵام تایبەتمەندی رۆبۆتەکە لەوەدایە، هەرکارێکی هونەری لە هەر ژوورێک بە هەر رەنگێک ئەنجامدرابێت، لە ژوورێکی دیکەی خاوەن پلەی گەرمی جیاواز و بە جۆرە رەنگێکی دیکە ئەنجامنادرێتەوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود