داتاکانی یەکێتیی ئەورووپا: ساڵی رابردوو 89 هەزار کۆچبەر کارتی شینیان وەرگرتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی داتاکانی یەکێتیی ئەورووپا، بە درێژایی ساڵی 2023 وڵاتانی ئەورووپا کارتی شین (یان ئیقامەی تایبەتی کار)یان داوەتە 89 هەزار کەس. قوبرس تەنیا وڵاتە کە هیچ کارتێکی شینی نەداوە و هەنگاریاش تەنیا 17 ئیقامەی داوە.
 
ئەوانەی بە شێوەی یاسایی دەیانەوێت بچنە نێو یەکێتیی ئەورووپاوە و لەوێ کار بکەن، سیستمی کارتی شینی یەکێتیی ئەورووپا هەیە. ئەو کارتە، کە بۆ خۆی ئیقامەی کار و مانەوەیە، دەدرێتە ئەو کەسانەی کارامەیی و شارەزاییەکی زۆریان لە بوارێکی زانستی یان پیشەییدا هەیە.
 
بەپێی داتاکانی یەکێتیی ئەورووپا، لە ساڵی 2023دا، 89 هەزار کارتی شین دراوەتە کەسانی دەرەوەی یەکێتییەکە؛ ئەمەش دەکاتە نزیکەی 9% زۆرتر بەراورد بە ساڵی 2022.
 
ئەوەی جێی سەرنجە، هەڵگرانی وڵاتینامەی عێراقی لە ریزی ئەوانەدان کە زۆرترین کارتی شینیان وەرگرتووە. داتاکانی یەکێتییەکە پیشانی دەدات، 6% وەرگرانی کارتەکە عێراقین.
 
جگە لە عێراقییەکان، هاووڵاتییانی تورکیاش پشکی گەورەیان هەیە و نزیکەی 10%ی کارتەکانیان وەرگرتووە. لە ئەڵمانیا زۆرینەی کارتەکان دراون، کە دەکاتە 70 هەزار کارت؛ قوبرس کارتی شینی نەداوەتە کەس و هەنگاریاش تەنیا 17 کارتی داوە.