ئیسپانیا دژی ئەو پلانانەیە وڵاتانی ئەورووپا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران هەیانە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسپانیا بە تووندی دژی ئەو داواکاری و پلانانەیە کە وڵاتانی ئەورووپا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران هەیانە. سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بە هاوشانە ئەورووپییەکانی گوتووە، کۆچبەران بۆ گەشەپێدانی ئابووری پێویستن.
 
پێدرۆ سانشێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت، ئەورووپا لەجیاتی ئەوەی خەریکی دوورخستنەوەی کۆچبەران بێت، دەبێت کار لەسەر گونجاندنیان لە کۆمەڵگەدا بکات.
 
سانشێز بە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوت، "مەسەلەی کۆچبەری تەنیا پرسێکی مرۆیی نییە، بەڵکو پێویستییەکیشە بۆ گەشەکردن و بۆ درێژماوە بە تەندروستی هێشتنەوەی ئابووری." بۆیە، وەکو ئەو باسی دەکات، باشترە ئیدارەیەکی باشی کۆچبەری بکرێت.
 
پێشتریش پیلار ئالێگریا، گوتەبێژی حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاندبوو، ئەو رێگەیەی ئیسپانیا لەگەڵ کۆچبەران گرتوویەتیەبەر و هەوڵدەدات ئیدارەیان بکات، نەک دەریان بکات، ئەنجامی باشی هەبووە. راشیگەیاندبوو، بەمنزیکانە فڕۆکەخانەیەک کە کەمتر بەکاردێت، لەنزیک مەدرید چۆڵ دەکرێت و دەکرێتە کەمپی کۆچبەران.
 
ئیسپانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی سنووری ئاویی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە کە کۆچبەری زۆریان لێوە دێنە نێو یەکێتیی ئەورووپا؛ بەتایبەتیش ئەفریقی و لەنێویاندا مەغریبی و جەزائیری و توونسی.