هۆڵەندا بەنیازە کۆچبەران بنێرێتە ئوگاندا و خاڵی پشکنین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی دادەنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا شکستی هێناوە، بەڵام هێشتاش وڵاتی دیکەی ئەورووپا هەن کە دەیانەوێت لاسایی ئەو پلانە بکەنەوە. هەفتەی رابردوو ئیتاڵیا یەکەم گرووپی کۆچبەرانی ناردە ئەلبانیا و دواتر بە بڕیاری دادوەر گەڕێندرانەوە. هۆڵەنداش ئاشکرای کردووە، دەیەوێت کۆچبەران بنێرێتە ئوگاندا، هەروەها بەنیازی رێوشوێنی تووندترە بەرامبەر کۆچبەران.
 
ئیتاڵیا لە رۆژانی رابردوودا یەکەمین گرووپی کۆچبەرانی ناردە ئەلبانیا؛ بەڵام دواتر دادگایەکی ئەو وڵاتە بڕیاریدا کۆچبەرەکان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکە و گەڕێندرانەوە.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر پلانێکی هاوشێوە بۆ ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا شکستی هێنابوو، کەچی دوای ئەلبانیا، هۆڵەنداش دەستی بە جووڵە کردووە بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ وڵاتێکی دیکەی ئەفریقی، کە ئوگاندایە.
 
راینێتە کلێفەر، وەزیری بازرگانی و هاریکاری و پەرەپێدانی هۆڵەندا لە ئوگانداوە پەسنی ئەو وڵاتەی دا کە کۆچبەری زۆری لە وڵاتانی دیکەوە وەرگرتووە و گوتی، حکومەتی هۆڵەنداش لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن وابکات کۆچبەران بنێرێتە ئەوێ.
 
وەزیری دەرەوەی ئوگانداش گوتی، دەرگایان کراوەیە بۆئەوەی لەسەر ئەوە لەگەڵ هۆڵەندییەکان قسە بکەن.
 
وەزیرە هۆڵەندییەکە دەڵێت، وڵاتەکەی زۆر مەبەستیەتی ئەو کۆچبەرانەی داوای مانەوەیان رەتکراوەتەوە، بنێرێتەوە وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام زۆرجار ئەمە زەحمەتە، بۆیە وڵاتێکی وەکو ئوگاندا گونجاوە بۆئەوەی کۆچبەرانی بۆ بنێردرێن.
 
جگە لەوەش، حکومەتی هۆڵەندا سەرقاڵی تێپەڕاندنی پلانێکە لە پەرلەمانەکەیان بۆئەوەی رێوشوێنی تووندتر بەرامبەر ئەوانە وەربگرن کە مافی پەنابەرییان هەیە یان داوای مافی پەنابەرییان کردووە؛ لەوانەش، چیدیکە مافی مانەوەی هەمیشەیی نەدەنە پەنابەران، هەروەها دەیانەوێت لە کۆتایی مانگی داهاتووەوە خاڵی پشکنین لە سنوورەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ دراوسێکانیان دابنێن.