پیاوی پێشبینییەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا باسی 'کارەساتێکی گەورە' دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بەڵێنی داوە ئەگەر دەربچێت، 11 ملیۆن کۆچبەر لە وڵاتەکەی دەربکات. میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن، ئەوە ملیارەها دۆلاری تێدەچێت و پێشبینیکارێکی بەنێوبانگی ئەمریکیش دەڵێت، "کارەساتێکی گەورە" دەبێت بۆ ئەمریکا.
 
5ی تشرینی دووەمی 2024 خەڵکی ئەمریکا بڕیار دەدەن کێ لەو وڵاتە دەبێتە سەرۆک. هەڵمەتەکانی بانگەشە گەرمن و یەکێک لە مژارە گەرمەکانیش پرسی کۆچبەری نایاساییە.
 
هەردوو بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێیانوایە کە دەبێت پرسی کۆچبەری باشتر رێکبخرێت و کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بە ئاشکرا دەڵێت، ببێتەوە سەرۆکی وڵاتەکە 11 ملیۆن کۆچبەر کە مافی مانەوەیان نییە و ئێستا لەو وڵاتە دەژین، لە وڵاتەکەی دەردەکات.
 
میدیاکانی ئەمریکا ئەم هەفتەیە بەدواداچوونی دوور و درێژیان بۆ ئەو بەڵێنەی ترەمپ کردووە. جڤاتی کۆچبەریی ئەمریکا (ئەی ئای سی)یش خەمڵاندنێکی کردووە و دەڵێت، ئەگەر ئەو پلانە لە ماوەی 10 ساڵدا جێبەجێ بکرێت، پێویستی بە بودجەیەکە کە دەکاتە 968 ملیار دۆلار.
 
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کەسەکان کە قسەی لەسەر ئەو پرسە کردووە، پڕۆفیسۆرێکی ئەمریکییە کە بەوە بەنێوبانگە پێشبینیی ورد دەکات بۆ رووداوە سیاسییەکان و زۆرجار راستیش دەردەچن؛ بەتایبەتیش پێشبینیی ئەوە دەکات کە کێ لە هەڵبژاردنەکاندا دەردەچێت.
 
ئالان لیکتمان ئەو کەسەیە، سەرەڕای ئەوەی پێشبینیی کردووە کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئەمریکادا دەربچێت، بەڵام هەرواش پێدەچێت بەو ئەنجامانەی لە راپرسییەکاندا هەن، دوودڵییەکی هەبێت کە رەنگە ئەمجارە پێشبینییەکەی راست دەرنەچێت؛ بۆیە لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، پلانەکەی ترەمپ بۆ دیپۆرتکردنەوەی 11 ملیۆن کۆچبەر "کارەساتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی ئەمریکا."