بەشێک لە ئەمریکییەکان پێیانوایە پرسی کۆچبەران بە سیاسی کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

شاری دۆگلاس لە ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمریکا دەکەوێتە نزیک دیوارە تەلبەندکراوەکان، کە سنووری ئەمریکا و مەکسیک جیادەکاتەوە. دۆگلاس یەکەمین وێستگەی کۆچبەرە مەکسیکییەکانە کاتێک دەپەڕنەوە ئەمریکا. 
 
دانیشتوانی شارەکە نیگەرانن لەوەی پرسی کۆچبەرانی سنوورەکە بە سیاسی کراوە و دەڵێن ئەوەی لەبارەی سنوورەکەوە دەگوترێت راست نییە. 
 
ئێدا پێدریگۆ، خاوەنی فرۆشگەی جلوبەرگ دەڵێت: "خەڵک زۆر لەبارەی ئەو شوێنە نووسیویانە کە یەکێکە لە ناسەلامەترین شوێنەکان. من تەواوی ژیانم لێرە ژیاوم و هەرگیز هەستم بەم شتە نەکردووە و نەترساوم".
 
بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە لە سیاسییەکان نیگەرانن و پێیانوایە لەجیاتی ئەوەی سەرنجیان لەسەر چارەسەرکردنی تەواوەتی کێشەی کۆچبەران بێت، پرسەکە بۆ بەرژوەندی خۆیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن. 
 
تیم جووتیارە و زەوییەکەی دەکەوێتە سەر سنووری مەکسیک، ئەو نیگەرانی دۆخی کۆچبەرانە و دەڵێت، دەبێت سیاسییەکان گرنگی زیاتر بە پرسەکە بدەن و چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە. 
 
تیم کڵەمپ، دانیشتووی ناوچەکە دەڵێت: "خەڵکێکی زۆر بەناو زەوییەکەمدا تێدەپەڕن و زبڵ و خاشاک فڕێدەدەن و تەنانەت نازانن بۆ کوێش دەڕۆن. خەڵکێکی زۆریش بەوهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن. جێگەی پێکەنین نییە، کە ببینیت کەسێک بەهۆی بێئاوی لەو سنوورە گیانیان لەدەستدەدات. دەبێت گرنگی بەو پرسە بدرێت".
 
کەمتر لە دوو هەفتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ماوە، پرسی کۆچبەرانیش یەکێکە لە مژارە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنەکە. 
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێرەی کۆمارییەکان لەگەڵ داخستنی سنوورەکان و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانە و کاملا هاریسی دیموکراتیش جەخت لە سیستەمێکی کۆچبەری باشتر دەکاتەوە. 
 
دوایین راپرسی دامەزراوەی گاڵەپیش ئەوە دەردەخات، 28٪ـی ئەمریکییەکان پرسی کۆچبەران وەکو گەورەترین پرس لە وڵاتەکەیان سەیر دەکەن.