وەزیری دەرەوەی ئوردن: دەبێت ئیسرائیل پاکتاوی نەتەوەیی لە غەززە بوەستێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئوردن رەخنە لە حکومەتی ئیسرائیل دەگرێت و سوپای ئەو وڵاتە بە ئەنجامدانی پاکتاوی نەتەوەیی لە غەززە تۆمەتبار دەکات. دەشڵێت، تاکە چارەسەر بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە جەنگێکی گەورە ئەوەیە، "ئیسرائیل دەستدرێژییەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان بوەستێنێت."
 
ئەمڕۆ هەینی 25-10-2024 وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئوردن لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆبوونەوە.
 
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لەبارەی دۆخی کەرتی غەززە بە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای گوت، "ئێمە دەبینین کە پاکتاوی نەتەوەیی ئەنجام دەدرێت و ئەوەش دەبێت بوەستێندرێت."
 
ئەیمەن سەفەدی گوتی، "ناوچەکە لە لێواری جەنگێکی هەرێمایەتیدایە و تاکە رێگە بۆ وەستاندنی ئەو جەنگە ئەوەیە، ئیسرائیل دەستدرێژییەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان بوەستێنێت."
 
ئەنتۆنی بلینکنیش باسی لە دۆخەکە کرد و گوتی، "ئەم هەفتەیە گفتوگۆی زۆر باشمان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و داڕشتنی نەخشە رێگەیەک بۆ داهاتوو کرد."
 
لەبارەی دۆخی لوبنان بلینکن جەختی لە پێویستیی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی و گەڕانەوە بۆ بڕیاری 1701ی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە.
 
بلینکن گوتی، "گرنگترین شت ئەوەیە بەرەو چارەسەری سیاسی هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی بگەین بەو  دۆخەی کە بڕیاری 1701 نەتەوە یەکگرتووەکان بەتەواوی جێبەجێ بکەین. دەمانەوێت خەڵکی سڤیل پارێزراو بن و سوپای لوبنانیش لە جەنگەکە تێوە نەگلێت."
 
بڕیاری 1701 نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2006 دەرکرا و دەڵێت، دەبێت سوپای ئیسرائیل بەتەواوی لەنێو خاکی لوبنان بچێتە دەرەوە و گرووپە چەکدارەکانیش لە چەک دابماڵدرێن.
 
بڕیارەکە دەڵێت، دەبێت سوپای لوبنان و هێزە ئاشتیپارێزەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سنووری لوبنان بپارێزن.
 
جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنان زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە. جەنگەکە وێرانکارییەکی زۆری لەناوچەکە ناوەتەوە و تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهێنانی نابیندرێت.