رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گوتی: "ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوان، ئەگەر ئەوان کراوەبن ئێمە هەروا دەبین." گوتیشی: "پێموابێت ترەمپ راستگۆیە."
رۆژی پێنجشەممە، 24-10-2024، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە دوایین رۆژی لووتکەی بریکس، کە لە شاری کازانی رووسیا بەڕێوەچوو، گوتی: "دۆخی پەیوەندیی نێوان رووسیا و ئەمریکا لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا دەکەوێتە سەر ئەوان. ئەگەر ئەوان [بۆ پەیوەندی] کراوە بن، ئێمەش کراوە دەبین؛ ئەگەریش نەیانەوێت، ئەوا هیچ."
بریکس (BRICS) پێنج پیتی کورتکراوەی ناوی هەریەکە لە وڵاتانی بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوورە.
لووتکەکە رۆژی سێشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکرد و چەندین پرسی گرنگ و هەنووکەیی تاوتوێ کران. ئامانج لەم هاوپەیمانێتییە تەحەدای قۆرخکاریی ئابووری و سیاسییە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە. ئەم ساڵ 16ـیەم لووتکە بەڕێوەچوو.
لە لووتکەکە چەندین وڵاتی هاوپەیمانی رووسیا داوایانکرد جەنگی ئۆکراینا رابگیرێت. ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند: "ئەوە خەیاڵە ئەگەر وا بیربکەنەوە رووسیا لە مەیدانی جەنگ دەدۆڕێت، هەر رێککەوتنێکی ئاشتیش بکرێت پێویستە ئەو ناوچانەی رووسیا لە ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە، بە خاکی رووسیا دابنرێت."
لەوکاتەوەی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا چووەتە خراپترین دۆخ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەمریکا پشتیوانیی تەواو لە ئۆکراینا دەکات.
هەڵبژاردنی 5ـی مانگی داهاتوو خاڵێکی گرنگ دەبێت لە گۆڕینی ئاراستەی ئەو پەیوەندییە خراپە. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان چەند جارێک نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەو ملیاران دۆلارە دەربڕیوە کە ئەمریکا وەک هاوکاریی مرۆیی و سەربازی بۆ ئۆکراینای دەنێرێت و چەند جارێکیش گوتوویەتی: "ئەگەر دووبارە ببمەوە سەرۆک، جەنگی ئۆکراینا بە 24 کاژێر رادەگرم."
پووتین لە لووتکەکە باسی ترەمپی کرد و گوتی: "ئەو باسی خواستی خۆی کرد کە هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی تەنگژەکە رابگرێت. پێموابێت ئەو راستگۆیە و ئێمەش پێشوازیی لەو جۆرە خواستە دەکەین، لە هەر کوێوە بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ