لایەنگرێکی ترەمپ بە سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆنگرێس لە ویلایەتی لویزیانا، کە سەر بە کۆمارییەکانە، بووە 56مین سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
رۆژی چوارشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەرۆکێکی نوێی هەڵبژارد. مایک جۆنسن، ئەندامی کۆنگرێس و نوێنەری ویلایەتی لویزیانا، سەر بە پارتی کۆمارییەکان، توانیی 220 دەنگی ئەندامانی کۆنگرێس بەدەستبهێنێت و ببێتە سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە.
جۆنسنی تەمەن 51 ساڵ بە سیاسەتڤانێکی کۆنسێرڤەتیڤی کۆماری ناسراوە و چوارەم بەربژێری کۆمارییەکانیش بوو بۆ ئەو پۆستە، لە دوای ئەوەی لە 3ی تشرینی یەکەم کێڤ مەکارتی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
بەدەستهێنانی ئەو پۆستە لەلایەن جۆنسنەوە، بە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی ئەمریکا دادەنرێت، چونکە جۆنسن بە یەکێک لە کۆنگرێسمانە نزیکەکان لە ترەمپ دادەنرێت.
لەدوای وەرگرتنی ئەو پۆستە و سوێندخواردنی یاسایی، جۆنسن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کاری لەپێشینەی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، هەوڵدانە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی کۆچبەران و ئاسایشی سنوورەکانی ئەمریکا، هەڵاوسان و جەنگی غەززە.
جۆنسن گوتیشی، "ئاڵنگارییەکانی بەردەممان زۆر گەورەن، بەڵام ئێستا کاتی کردارە و شەرمەزارتان ناکەم. دەزانم زۆر شت لە وڵاتەکەمان روودەدەن، لەنێوخۆ و لە دەرەوەش، بەڵام ئێمە ئێستا ئامادەین دەست بەکارکردن بکەین و ئەو کێشانە چارەسەر بکەین."
هەروەها جۆنسن بەڵێنیداوە یەکەم پڕۆژەبڕیار لەنێو کۆنگرێس بەرزی بکاتەوە، پڕۆژەبڕیاری پشتگیریکردن لە ئیسرائیل دەبێت.
جۆنسن بە سیاسەتڤانێکی راستڕۆ ناسراوە و یەکێکە لەو ئەندام کۆنگرێسانەی کە دژی ئەوەیە ئەمریکا هاوکاریی زیاتری ئۆکراینا بکات.
لەدوای سەرکەوتنی جۆنسن؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە جۆنسن کرد و رایگەیاند، ئامادەیە کار لەگەڵ کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات بە نوێنەرایەتیی خەڵکی ئەمریکا.