لە بۆسنیا بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە ئەگەری کردنە ئامانجی جووەکان زیاتر بووە


رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئیتاڵیا بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی وڵاتەکەی، باس لەوە دەکات، گرووپە جیهادییەکان لە بۆسنیا ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر جوو و دامەزراوەکانیان. وەزیری ناوخۆی بۆسنیا ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە.
 
رامۆ ئیساک، وەزیری ناوخۆی بۆسنیا دەڵێت، "ئەو زانیارییانە دوورن لە راستییەوە. دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێمە بە شێوەیەکی پیشەییانە کار دەکەن و دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر جووەکان نییە".
 
خەریکە شەڕی غەززە تووندوتیژی سەر بنچینەی ئایین لە جیهاندا زیاتر دەکات، لە نێویاندا لە ناوچەی باڵکان. لە کۆی 3.2 ملیۆن دانیشتوانەکەی، سەرووی 1.7 ملیۆنیان موسڵمانن. زۆربەی ئەوانی دیکەیان کریستیانن و کەمتر لە 800 کەسیشیان جوون.
 
لە شەڕی 3 ساڵ و 8 مانگەی بۆسنیادا لەگەڵ سربی و کرواتییەکان لە ساڵانی 1992 -1995، نزیکەی 3 هەزار موسڵمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی موسڵمانان بەرەو بۆسنیا کۆچیان کرد؛ بەشێکیان لەوێ مانەوە و بوونە بنەمایەک بۆ چەکەرەکردنی هزری جیهادی ئیسلامی.
 
لە نێوان ساڵانی 2014 و 2018دا لانیکەم 300  بۆسنی چوونە ریزەکانی داعشەوە؛ نزیکەی 100 کەسیان گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.
 
بەرپرسانی بۆسنیا دەڵێن، دەکرێت شەڕی نێوان چەکدارانی غەززە و سوپای ئیسرائیل و ئەگەری بەرفراوانبوونی جەنگەکە، کاریگەری زیاتری هەبێت، لەوانەش لەسەر ئەوروپا. 
 
نیناد نێسیک، وەزیری ئاسایش لە بۆسنیا هێرزۆگۆڤینیا باس لەوە دەکات، "وەک هەموو وڵاتێكی دیکەی جیهان، شەڕی ئیسرائیل و حەماس و دەرهاوێشتەکانی لەبەر چاودەگرین. هاوکات ئەگەری هەڵکشانی ژمارەی کۆچبەرانیش بە دوور نازانین".
 
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی غەززە، باڵیۆزخانەکانی بەشی زۆری وڵاتانی رۆژئاوا ئاستی هۆشداری و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییەکانیان لە جیهان بە تایبەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرزکردەوە.