رووداو دیجیتاڵ
دوو هەفتەی دیکە پڕۆسەی هەڵبژاردنی میدتێرم لە ئەمریکا دەستپێدەکات واتە هەڵبژاردنی نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی. لەو هەڵبژاردنەدا کە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و یەک لەسەر سێی ئەنجوومەنی پیرانیش هەڵدەبژێردرێنەوە، ململانێیەکی تووند لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکاندا هەیە.
کۆمارییەکان چاویان لەوەیە ئەمجارە زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنەکە ببەنەوە و داوا لە خەڵک دەکەن بچن و بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن. سیناتۆر پاوڵ بێن، سیناتۆری ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا بە رووداوی گوت، ''بەر لە هەموو شتێک زۆر گرنگە هەموو کەسێک بچێت و دەنگبدات، خواستێکی زۆر لە دەنگداندا هەیە، لە تێکساسیش چاوەڕێ دەکەین ژمارەی پێوانەیی تۆماربکات بۆ هەڵبژاردنێک کە بۆ سەرۆکایەتی نییە، ئەمەش شتێکی مەزنە و دەتوانی ئەمە لەسەرتاسەری وڵاتەکەدا ببینیت. پێداچوونەوە بە هەڵبژاردنەکە چی دەکات، خەڵک باشترین مومارەسەی خۆیان دەکەن و دڵنیایی دەدات لەوەی ئەگەر ئیدارەی دەنگدانەکە هەڵەیەکی کردبێت، ئەم هەڵەیە لە هەڵبژاردنێکەوە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە."
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنەکە، دۆخی ئابووری ئەمریکایە کە کۆمارییەکان ئیدارەی بایدن و دیموکراتەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە سیاسەتی ئەوانە ئەو دۆخە ئابوورییەی دروستکردووە و بەڵێنی ئەوەش بە دەنگدەران دەدەن ئەوان دەتوانن دۆخەکە باشتربکەن.
ئەو بانگەشانە کاریگەریی لەسەر بەشێک لە دەنگدەرانیش دروستکردووە. بێس کڵیفەرد، خانەنشینێکی ئەمریکییە و دەڵێت، ''زۆر گرنگە کە دەنگ بەو کەسە بدەیت کە نوێنەرایەتیت دەکات لە حکومەتی فیدراڵیدا، هەتا ئەگەر دەنگەکەی تۆش نەبێتە زۆرینەش، تۆ واتکردووە کە دەنگی تۆش بیستراوبێت، هەروەها گرنگی ئەم دەنگدانە ئەوەیە، ئەو یاسادانەرانەی ئێستا کە تەمەنیان دوو ساڵی بەسەردا تێپەڕیووە کە دۆخی ئابووریان بەرەو چەقبەستوویی بردووە، رەنگە بەبۆچوونی من ئەمە پێچەوانە بکەینەوە ئەگەر لایەنێکی دیکە لە هەردوو ئەنجوومەنەکەدا بکەینە زۆرینە."
دیموکراتەکانیش لەو هەڵبژاردنە دەیانەوێت پارێزگاری لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوو بکەن و چاویشیان لەوەیە دوو کورسی دیکە لە ئەنجوومەنی پیران ببنەوە و هەندێک یاسا کە بەهۆی کۆمارییەکانەوە پەکی کەوتووە، تێبپەڕێنن، لەنێویاندا هەڵگەڕاندنەوەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی مافی لەباربردنی منداڵ لە ئەمریکا
ئەو هەڵبژاردنە کە زیاتر وەک گشتپرسییەکیش بۆ کارەکانی ئیدارەی بایدن دەبیندرێت، وایکردووە ململانێکانی کۆماری و دیموکراتەکان تووندترببن و بەدەیان بەڵێن لەبارەی دۆخی ئابووری، باشترکردنی کەرتی تەندروستی و چەند پرسێکی دیکە بە دەنگدەرانیان دەدەن، پێشبینیەکانیش بۆ ئەوە دەچن کە ئەو هەڵبژاردنە گۆڕانکاریی گەورە بەسەر ژمارەی کورسییەکانی هەردوو پارتەکە لە کۆنگرێسدا بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ