لە نەمسا گواستنەوەی کۆچبەران بۆ خێوەتەکان مشتومڕی لە وڵاتەکەدا دروستکردووە

25-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خێوەتە سپییەکان کە نەمسا بۆ کۆچبەران بەکاریدەهێنێت، حکومەتی وڵاتەکەی رووبەڕووی رەخنەی تووند کردووەتەوە لە لایەن داکۆکیکارانی مافی پەناخواز و پەنابەرانەوە. 
 
بەرپرسانی وڵاتەکە ئاماژە بەوەدەکەن هێشتا کۆچبەران روو لەو وڵاتەی نێوەڕاستی ئەوروپا دەکەن بۆ ئەوەی لەوێوە بچنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و بەشیکیشیان لەوێ دەگیرسێنەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی وڵاتەکە، پەناگە فیدڕاڵییەکان پڕبوون لە کۆچبەر، بۆیە 40 خێوەتیان لە نزیک سنوورەکانی لەگەڵ سلۆڤینیا و ئەڵمانیا داناوە کە هەریەکەیان جێگەی هەشت کەسی تێدادەبێتەوە. 
 
لە ساڵی 2015 دا دەیان هەزار کەس پەنایان بۆ ئەو وڵاتە برد کە خۆی ژمارەی دانیشتووانەکەی 9 ملیۆن کەسە. بۆ ئەمساڵ نەمسا بڕیاریداوە لە پەناگەکانی حکومەتدا هەشت هەزار کەس لەخۆبگرێت و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین بکات، بەڵام بەگوێرەی بەرپرسان، هەموو ژوورەکان پڕبوون، ئەوەش سەری کێشاوە بۆ دانانی خێوەتەکان. 
 
تۆماس فوسێنیگەر، گوتەبێژی ئاژانسی فیدراڵیی تایبەت بە کاروباری کۆچبەران دەڵێت: "ئەمانە رێکاری کورتمەودای ئیمێرجێنسین بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانمان". 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سەروو 70 هەزار کەس داوای پەنابەرێتییان لە نەمسا پێشکێشکردووە. ئەوەش لەکاتێکدایە، لە هەمان ماوەی پارساڵدا، ژمارەکە 40 هەزار پەناخواز بوو. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وڵاتەکە، لە ساڵی 2015 دا نزیکەی 90 هەزار کەس داوای پەنابەرێتییان لەو وڵاتە پێشکێشکردووە. ئەوەش جگە لە پەنابەرانی ئۆکراینا، چونکە حکومەتی نەمسا شوێنی مانەوە بۆ هەموو پەنابەرانی ئۆکراینا دابین دەکات بەبێ ئەوەی داوای پەنابەرێتی پێشکێش بکەن. 
 
بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، زۆربەی ئەوانەی لەمکاتەدا داواکاریی پەنابەرێتی پێشکێش دەکەن، هاووڵاتیی سووریا و ئەفغانستانن، بەڵام دەشڵێن هیندی، توونسی و نەتەوەکانی دیکەش لەنێو کۆچبەراندا هەن. 
 
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا کارڵ نێهامەر، راوێژکاری نەریتخوازی نەمسا لەگەڵ هەریەکە لە ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی نەتەوەپەرستی هەنگاریا و ئەڵێکساندەر ڤووجیج، سەرۆکی سڕبیا کۆبووەوە بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بۆ وەستاندنی لێشاوی کۆچبەران بدۆزنەوە. 
 
رێکخراوەکانی مافی کۆچبەرانیش لە نامەیەکدا بۆ حکومەتی وڵاتەکەیان دەڵێن: "پەنابەران لە نەمسا جارێکی دیکە ناچاردەکرێن لە خێوەتەکاندا بژین. هیچ کەسێک ئەوەی ناوێت و لەتوانادایە رێگە لەم دۆخە نامرۆڤانەیە بگیرێت". 
 
خالد، کۆچبەرێکی تەمەن 19 ساڵی سووریایە، لە شارۆچکەی سانکت جیۆرگنی رۆژئاوای نەمسا کە 17 خێمەی تێدا کراوەتەوە، بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە: "لە شەودا زۆر ساردە... ئێمە لێرە لە سەرما رەقبووینەتەوە". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شارۆچکەی سانتا کلۆس.

ئەم ساڵ لە شارۆچکەکەی سانتا کلۆس بەفر نەباریوە

شارۆچکەی رۆڤانیمی لە هەرێمی لاپلاند لە باکووری فینلاند ئەو شارۆچکەیە بە ماڵی سانتا کلۆس ناسراوە و بەردەوام ناوچەیەکە بەهۆی بەفرەوە سپیپۆشە.