وەزیری دەرەوەی سلۆڤاکیا بۆ رووداو: رووداوەکانی ئۆکراینا هاوشێوەی عێراق پێشێلکاری بوون

دوێنێ کاژێر 11:38
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی سلۆڤاکیا بە رووداوی گوت، ئۆکراینا سێ ساڵە لە جەنگە و هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە، بۆیە دەبێت بە دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت نەوەک سەربازی. هەروەها گوتی: "ئەوەی لە ئۆکراینا روویدا پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی بوو، بە هەمانشێوەی عێراق، کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشێلکاری کرا."

رۆژی چوارشەممە، 25-09-2024 یورای بلانار، وەزیری دەرەوەی سلۆڤاکیا کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بوو، بە دیار کوردە، نێردراوی رووداوی راگەیاند، ئەوەی لە ئۆکراینا روویدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی بوو، بە هەمانشێوەی ئەوەی لە عێراق روویدا و لەلایەن ئەمریکاوە پێشێلکاری کرا.
 
بلانار گوتی: "جەنگی ئۆکراینا هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە. تاکە شت کە بکرێت گفتوگۆ و چارەسەری دیپلۆماسییە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی ئاگربەست. ئێمە ئێستا لە سێیەم ساڵی ئەم جەنگەداین و هیچ گۆڕانکارییەکمان نەبینیوە، بۆیە دژبوونی ئێمە لەسەر ئەم پرسە زۆر روونە."
 
ئەو وەزیرە هەروەها گوتی، ناکرێت بە جۆرێک سەیری یاسای نێودەوڵەتی بکرێت کە ئەگەر لەلایەن "کەسە باشەکەوە" پێشێلکرا، ئەوە بێ کێشە و باشە؛ بەڵام ئەگەر لەلایەن "کەسە خراپەکەوە" پێشێلکرا ئەوە خراپە و ئاسایی نییە.
 
دیار کوردە لەبارەی ئەو نامەیە پرسیاری لێکرد، کە ئەمڕۆ گەیشتە دەست رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا و گوللەیەکی تێدابوو. بلانار گوتی: "سەرۆکوەزیرانی ئێمە هێرشی کرایە سەر، ئەمە هەوڵێکی کوشتن بوو بۆ سەر سەرۆکوەزیرانی ئێمە و ئەمەش لە وڵات و جیهانێکی دیموکراسیدا قبووڵکراو نییە. کەسانێک کە داوای ئاشتی دەکەن بەمجۆرە رەخنەیان لێدەگیرێت. پۆلیس لێکۆڵینەوە لەو گوللەیە دەکات و هیوادارم هیچ شتێکی جیدی بەسەر رێزدار سەرۆکوەزیراندا نەیەت."
 
رۆژی چوارشەممە حکومەتی سلۆڤاکیا بڵاویکردەوە، رۆبەرت فیکۆ نامەیەکی لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە بەدەستگەیشتووە کە گوللەیەکی تێدابووە. ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 15-05-2024 لە گۆڕەپانێکی شارۆچکەی هاندلۆڤا لە سلۆڤاکیا، لەنێو ئاپۆڕای خەڵک پیاوێک تەقەی لە فیکۆ کرد و برینداری کرد. فیکۆ نەشتەرگەرییەکی پێنج کاژێری بۆ کرا و ژیانی لە مردن گەڕایەوە.
 
دەقی قسەکانی یورای بلانار، وەزیری دەرەوەی سلۆڤاکیا:
 
یورای بلانار: حکومەتی ئێمە تەنیا ساڵێکە سلۆڤاکیا بەڕێوەدەبات. جەنگی ئۆکراینا هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە. تاکە شت کە بکرێت گفتوگۆ و چارەسەری دیپلۆماسییە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی ئاگربەست. ئێمە ئێستا لە سێیەم ساڵی ئەم جەنگەداین و هیچ گۆڕانکارییەکمان نەبینیوە، بۆیە دژبوونی ئێمە لەسەر ئەم پرسە زۆر بە روونی دیارە. بە ئاشکرا دەیڵێم، ئەوەی لە ئۆکراینا روویدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی بوو؛ هەروەک ئەوەی لە عێراق روویدا، پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی بوو لەلایەن ئەمریکاوە. هەروەها، لە یوگسلاڤیای پێشووش پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی کرا و دەوڵەتی نوێێ کۆسۆڤۆش بەهەمان شێوە. ئێمە ناتوانین بەجۆرێک سەیری یاسای نێودەوڵەتی بکەین کە ئەگەر لەلایەن کەسە باشەکەوە پێشێل کرا، ئەوە بێکێشە و باشە؛ بەڵام ئەگەر لەلایەن کەسە خراپەکەوە پێشێلکرا ئەوە خراپە. ئێمە وەک وڵاتێکی بچووک، تاکە چەک هەمانبێت یاسای نێودەوڵەتییە و پشتگیریی لە هەموو هەنگاو و دەستپێشخەرییەک دەکەین کە یاسای نێودەوڵەتی لەخۆ بگرێت.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە، سەرۆکوەزیرانی ئێوە نامەیەکی بەدەست گەیشت و گوللـەی تێدابوو، رات چییە لەسەر ئەمە؟ ئایا ئەمە پەیوەندیی بە هەڵوێستی ئێوەوە هەیە لەسەر ئەو شتانەی لە ئۆکراینا و ناوچەکە روودەدەن؟
 
یورای بلانار: دەزانی، سەرۆکوەزیرانی ئێمە هێرشی کرایە سەر، ئەمە هەوڵێکی کوشتن بوو بۆ سەر سەرۆکوەزیرانی ئێمە و ئەمەش لە وڵات و جیهانێکی دیموکراسیدا قبووڵکراو نییە، ئەمە نەک تەنیا لە ئەورووپا بەڵکو دەکرێت لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهان رووبدات. ئەمە هەروەها پەیوەندیی بە هەمەجۆریی کۆمەڵگەوە هەیە، چونکە ئەگەر سەیری دۆخی ئۆکراینا و غەززە بکەین؛ ئەوانەی کە بانگەوازیی ئاشتی دەکەن ئەوانەن کە رەخنەی ئەوەیان لێدەگیرێت پشتیوانیی بۆ نموونە رووسیا دەکەن کە ئەمەش راست نییە. دواتر، دەتوانین ئەنجامەکەی دەبینین چونکە خەڵک ترساون و دەپرسن ئەوە چی روودەدات؟ ئەگەر ئێمە باسی پرۆسەی ئاشتی بکەین، رەخنەمان لێدەگیرێت. پۆلیس لێکۆڵینەوە لەو گوللـەیە دەکات و هیوادارم هیچ شتێکی جیدی بەسەر رێزدار سەرۆکوەزیراندا نەیەت. ئێستا ناتوانم هیچ قسەیەک بکەم، دەبێت چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی پۆلیس بکەین.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەد عاتف، نوێنەری ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور بۆ ئەمریکا.

نوێنەری ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور بۆ رووداو: پشتگیریی لە سەربەخۆیی کورد دەکەین

رۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024، ئەحمەد عاتف، نوێنەری ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەنی باشوور بۆ ئەمریکا قسەی بۆ دیار کوردە، نێردراوی رووداو بۆ نیویۆرک کرد و گوتی: "ئێمە پشتگیری لە هەموو نەتەوەیەک دەکەین کە جیاببێتەوە و سەروەری و سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت، بۆ نموونە نەتەوەی کورد. ئەوان دۆزێکی گرنگ و رەوایان هەیە و ئێمەش پشتگیرییان لێدەکەین، پێموایە ئەمە رێگەی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیرییە لە جیهاندا."