کۆپەرنیکۆس بۆ رووداو: رێکاری پێویست نەگیرێتەبەر 2050 باکووری زەوی بێ بەستەڵەک دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و رێگری نەکردن لەو دیاردەیە توانەوەی بەستەڵەکی جەمسەرەکانی زەوی زیادیکردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، پێشبینی دەکرێت ساڵی 2050 تەواوی بەستەڵەکی باکوور بتوێتەوە.
نوریا لۆپێز، بەڕێوبەری راگەیاندنی نووسینگەی بەڕێوبەری گشتیی کۆپەنیکۆس لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، هەواڵسازی تۆڕی میدیایی رووداو دا گوتی: "ئاداری 2023، لە بەرزترین ئاستی خۆیدا 14.5 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا بەستەڵەک لە ئەرکتیک (جەمسەری باکوور) هەبوو کە ئەمە چوارەم کەمترین رووبەری بەستەڵەکی تۆمارکراو بووە لە ساڵی 1979وە، لەکاتێکدا ساڵی 2000 لە هەمان ناوچە 15.2 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا بەستەڵەک هەبوو."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کەمترین دۆخی بەستەڵەکی ناوچەکەدا کە لە مانگی ئەیلوول دا روودەدات، پار تەنیا 4.8 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا بەستەڵەک هەبوو، بەڵام ساڵی 2000 نزیکەی 6.6 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا بوو."
نوریا لۆپێز بە پشتبەستن بە توێژینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەش کردەوە، "ئەگەر رێکاری پێویست نەگیرێتەبەر پێش ئەیلوولی 2050 باکووری زەوی بێ بەستەڵەک دەبێت."
بە گوێرەی گوتەکانی لۆپێز بۆ رووداو، تاوەکو رێژەی بڵاوبوونەوەی گازە گەرمکەرەکان لە هەوادا زیاد بکات، تێکڕای پلەی گەرمای زەوی بەرزتر دەبێتەوە، ئەمەش ئەگەری توانەوەی بەستەڵەکەکان زیاتر دەکات.
بە گوێرەی ئاژانسی وزەی جیهانی، پار 37.4 ملیۆن تۆن گازی دوانۆکسیدی کاربۆن کە سەرەکیترین گازی گەرمکەرە دەردراوە کە 1.1٪ـی لە پێرار زیاتر بوو.
بە گوتەی بەڕێوبەری راگەیاندنی نووسینگەی بەڕێوبەری گشتیی کۆپەنیکۆس، توانەوەی بەستەڵەکەکان کاریگەری لە سەر بەستەڵەکی ئەنتارکتیک (جەمسەری باشوور) هەبووە. شوباتی 2023، 2.2 کیلۆمەتر دووجای ئەو ناوچەیە بەستەڵەک بوو، لەکاتێکدا هەمان کاتی ساڵی 2000 رووبەرەکە 3.2 کیلۆمەتر دووجا بوو.
لە ئەیلوولی 2023دا 17.4 کیلۆمتەر دووجای ناوچەکە بە بەستەڵەک بوو، هەمان مانگی 23 ساڵ پێشتر رووبەرەکە 19.2 کیلۆمەتر دووجا بوو. لە مانگی شوباتدا بەستەڵەکی ئەو ماوەیە لە کەمترین و لە ئەیلوول لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە.
بە گوێرەی ماڵپەڕی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، ئەگەر رێگری لە توانەوەی بەستەڵەکەکان نەکرێت، تاوەکو ساڵی 2100 نزیکەی 410 ملیۆن کەس لەژێر کاریگەرییەکەیدا دەبن. هەروەها، ئەو کات ئاستی ئاوی دەریاکان بەراورد بە ئێستا 10 سانتیمەتری دیکە بەرزدەبێتەوە.