سویسرا بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینیی ژنان گشتپرسی دەکات

25-09-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو-هەولێر

ئەمڕۆ سویسرا گشتپرسی بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند بابەتێک دەکات، لەوانە بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ژنان. حکومەت ئەمە بە چاکسازی ناودەبات و بەگوێرەی دوایین راپرسیش، چاکسازییەکە دەنگی پێویست بەدەست دەهێنێت. 
 
لەدوای دوو هەوڵی شکستخواردوو لە ساڵەکانی 2004 و 2017دا، حکومەتی سویسرا ئومێدی وایە دەنگی پێویست کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، سیستمی خانەنشینی "سەقامگیر" بکات. بابەتی هەرە مشتومڕهێنەریش لەم پرسەدا ئەوەیە کە ژنان ناچار دەکات تاوەکو تەمەنی 65 ساڵی کاربکەن پێش ئەوەی خانەنشین بکرێن. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئێستا ژنان لەو وڵاتەدا لە تەمەنی 64 ساڵیدا خانەنشین دەکرێن.
 
ساڵی رابردوو، پەرلەمان رێکارە سەرەکییەکانی پەسندکرد کە هاوکات زیادکردنی باجی کڕین و فرۆشتنیشی لەخۆدەگرت، بەڵام پارتە چەپڕەوەکان و یەكێتییەکان پێیانوابوو کە "چاکسازییەکە لەسەر پشتی ژنان" ئەنجامدەدرێت و پرسەکەیان بەرەو گشتپرسی برد.
 
پیربوونی دانیشتووان و کورتهێنانی چاوەڕوانکراو لە سیستمی دارایی وڵاتدا، وایکردووە حکومەت پەنا بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی ببات. 
 
ئەوانەی پاڵپشتی لە چاکسازییەکە دەکەن دەڵێن کە یەکسانی لە تەمەنی خانەنشینیی نێوان ژنان و پیاوان نالۆژیکی نییە، ئەوەش لەلایەن بەشێکی ژنانەوە رەتدەکرێتەوە. 
 
دژبەرانی چاکسازییەکەش پێیانوایە کە ژنان رووبەڕووی جیاکاری دەکرێنەوە و مووچەی خانەنشینیان کەمترە لە پیاوان. دەشڵێن، بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی پێش ئەوەی کە کێشەکانی مووچەی ژنان چارەسەر بکرێن "نادادپەروەرانەیە".
 
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی وەزارەتی ئابووریی سویسرا، لە ساڵی 2020دا مووچەی خانەنشینیی ژنان تێکڕا 35٪ لە مووچەی خانەنشینیی پیاوان کەمتر بووە. 
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی کە لەسەرەتای ئەم مانگە لەلایەن تاد میدیای زیورخەوە کراوە، 55٪ـی خەڵکی بە ژن و پیاوەوە پاڵپشتی لە چاکسازییەکەی حکومەت دەکەن. هاوکات، لەنێو پیاواندا، چاکسازییەکە بە رێژەی 70٪ پاڵپشتی بەدەستهێناوە، بەڵام لەنێو ژناندا 58٪ لە دژی چاکسازییەکە وەستاونەتەوە.  
 
بەگوێرەی راپرسییەکی دیکەی پەیمانگەی بێرن لە رۆژی 14ـی ئەیلوول کراوە، 63٪ـی خەڵکی پاڵپشتی لە چاکسازییەکە دەکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە