بەرهەمی هەنگوین لە ئۆکراینا 40% کەمیکردووە

25-09-2022
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەنگەوانانی ئۆکراینی کە ساڵانی رابردوو پوورەکانیان پڕ بوون لە هەنگوین، ئەمساڵ بەهۆی شەڕەوە هەنگوینیان کەمیکردووە. بەپێی هەندێک ئامار، بەرهەمی هەنگوین 40% کەمیکردووە.
 
ئیڤهن کروپنیک، هەنگەوان دەڵێت، "گواستنەوەی 20 سندووقی هەنگ وەکو گواستنەوەی سەگێک یاخود پشیلەیەک نییە تەنها بیخەیتە نێو ئۆتۆمبێلەکەوە و بیگوازیتەوە. پێویستە ئۆتۆمبێلی تایبەت و خەڵکت لەگەڵدا بێت. لە دۆخە هەستیارەکاندا کاتێک کەسێک رادەکات بەهۆی شەڕەوە، قورسە ئەم کارە بکرێت."
 
ئۆلێکساندەری هەنگەوان نیوەی پوورەکانی چەند مانگێک پێش ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی رووسیاوە لەنێوچوون؛ بەو هۆیەشەوە جگە لەوەی بەرهەمیان کەمیکردووە، کێشەی هەناردەکردنی بەرهەمەکەشیان هەیە.
 
دێنیس سۆلداتۆڤ، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی ئۆکراینا دەڵێت، "تائێستا تەنها سێیەکی ساڵی رابردوو هەنگوین هەناردەی دەرەوە کراوە. ئەمە کەمتر لە 30 هەزار تۆنە. ئەگەر ئەمساڵ بتوانین 38 بۆ 40 هەزار تۆن هەناردە بکەین، زۆر باش دەبێت. کەس نازانێت چی روودەدات."
 
لە ساڵی 2020دا، ملیۆنێک و 770 هەزار و 119 تۆن هەنگوین لە جیهاندا بەرهەمهاتووە. کیشوەری ئاسیا یەکەمە لە بەرهەمهێنانی هەنگوین و 842 هەزار و 830 تۆن هەنگوینی بەرهەمهێناوە. ئۆکراینا پێنجەم گەورەترین بەرهەمهێنەری هەنگوینە و 68 هەزار و 28 تۆن هەنگوینی بەرهەمهێناوە.
 
هەنگەکانی ئۆکراینا خۆراکی سەرەکییان خواردنی شیلەی گوڵی گوڵەبەڕۆژەیە، بەهۆی شەڕەوە 48%ی کێڵگەکانی گوڵەبەڕۆژە لەنێوچوون، بەو هۆیەشەوە هەنگوینی ئۆکراینا 40% کەمیکردووە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئۆکراینا، 46 هەزار هەنگەوان تۆمارکراون و ساڵانە 70 هەزار تۆن هەنگوینیان هەناردەی دەرەوە دەکرد، ئەمساڵ بەهۆی جەنگەوە بە هەناردەکردنی 40 هەزار تۆن قایلن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە