ترەمپ: ئێران رێز لە سنوور و سەروەری دراوسێکانی ناگرێت

رووداو - نیویۆرک

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران رێز لە سنوور و سەروەری وڵاتانی دراوسێی ناگرێت و "بووەتە هۆی نەهامەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".

لە گوتارێکدا لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان، دۆناڵد ترەمپ باسی لە هەژموونی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، بەتایبەت لە سووریا و گوتی "هەموو چارەسەرێک بۆ قەیرانی مرۆیی لە سووریا پێویستە ستراتیژیەتێک لەخۆبگرێت تاوەکو چارەسەری ئەو رژێمە بکات کە ئاگری شەڕەکە خۆشدەکات و پارەی لێ خەرجدەکات. دیکتاتۆرییە گەندەڵکارییەکەی ئێران. سەرکردەکانی ئێران ئەو گێرەشێوێنییە و کاولکاری و کوشتارگەیان درووستکردووە". 

هەر لەبارەی ئێران، ترەمپ گوتی "رێز لە سنووری دراوسێکانیان ناگرن، رێز لە مافە سەروەرییەکانی وڵاتان ناگرن. لەبری ئەمە بکەن، سەرکردەکانی ئێران چوون سەرچاوە داراییەکانی وڵاتیان بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان و بڵاوکردنەوەی نەهامەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دیکە بەکارهێنا. خەڵکی ئێران توڕەن کە سەرکردە ئێرانییەکان ملیاران دۆلاریان لە داهاتی وڵات بردووە، هەلیان لە ئابووری وڵات قۆستووەتەوە، پیرۆزییە ئاینییەکانی خەڵکیان تاڵانکردووە. هەمووی بۆ پڕکردنی گیرفانیان و خەرجکردنی پارەیە لە شەڕی بە وەکالەت نەک بۆ چاکە". 

دۆناڵد ترەمپ جەختیکردەوە "دراوسێکانی ئیران باجی قورسیان بۆ ئەو ئەجێندای و تووندئاژۆییە داوە کە ئێران کاری پێدەکات. هەر بۆیە زۆر وڵات پشتگیری بڕیارەکەی منیان کرد لە کشانەوە لەو رێککەوتنە خراپەکەی 2015ی ئەتۆمی ئێران، دواتر سزامان بەسەردا سەپاندن. رێککەوتنی ئێران رێککەوتنێک بوو بۆ سەرکردەکانی ئێران. لەوەتەی رێكکەوتنی ئەتۆمی ئەنجامدراوە بودجەی سەربازی ئێران بەڕێژەی لە 40% زیادیکردووە". 

ترەمپ باسی لە گەمارۆکانی واشنتن بۆ سەر تاران کرد و گوتی "ئەمریکا کەمپەینێکی پێکهێناوە بۆ سەپاندنی گوشاری دارایی بەسەر ئێران تاوەکو رێگە لە ئێرن بگرێت ئەو ئەجێندا خوێناوییەی خۆی سەرنەخات. مانگی رابردوو ئەو سزایانەمان خستەسەر کە لەگەڵ رێککەوتنی ئەتۆمی لەسەر ئێراندا لادران. 5ی مانگی 11 سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێن. شتی زیاتریشی بەدواوە دێت. لەگەڵ وڵاتانیش کاردەکەین کە نەوتی ئێران دەکڕن بۆ ئەوەی بازرگانیان لەگەڵیان رابگرن". 

هەر ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی گەیشتنی بۆ باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "ئێران خوازیاری کۆبوونەوەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵیان کۆنابینەوە تاوەکو هەڵسوکەوتیان نەگۆڕن". 

چەند کاژێرێک بەر لەو  گوتانەشی ترەمپ لە توویتەر رایگەیاندبوو، لەلایەن ئێرانەوە داوای کۆبوونەوەی لێکراوە، بەڵام هیچ پلانێکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران نییە، تاوەکو ئێران هەڵوێستەکانی نەگۆڕێت.