داعشێکی ئەمەریکی دەستدرێژی کردووەتە سەر ژنێکی کوردی ئێزدی

رووداو- ئاژانسەکان

ژنێکی کوردی ئێزدی بەسەرهاتی خۆی لەوکاتەی لای چەکدارانی داعش دیل بووە دەگێڕێتەوە و دەڵێت " کەنیزەکی یەکێک لە چەکدارانی داعش بووە کە ئەمەریکی بووە ، ئەو ژنە ئێستا لە ئەمریکایە بۆ سکاڵاکردن".



بازی ناوی خوازراوی ئەو ژنە 20 ساڵە ئێزدییەیە کە ئێستا گەیشتووەتە ئەمریکا بۆ سکاڵاکردن لە کۆنگرێس لەسەر ئەو دەستدرێژییە سێکسیانەی کە لەلایەن داعشێکی ئەمریکییەوە بە ناوی ئەبو عەبدوڵڵا ئەمریکی کراوەتە سەری.

ئەو ژنە دەڵێت کە" ژیانی نەهامەتی لەوکاتەوە دەستی پێکرد کە لە مانگی 8 ی 2014 داعش هێرشیکردووەتە سەر شنگال و ئەوانیان بەتووندرین شێوە ئەشکەنجە داوە، پاشان ئەویان لەگەڵ دە کچی دیکە گواستووەتەوە بۆ شاری رەققە لە سووریا و وەک کچ و ژنی کەنیزەک فرۆشراون بە مەزادێکی بەرز، دواتر ئەو دراوە بە ئەمیرێکی داعش بەناوی ئەبو عەبدوڵڵا".

ئەبوعەبدوڵڵا کە داعشێکی ئەمەریکییە و یەکێکە لەو سەدان ئەمەریکییەی کە لەساڵی 2013چوونەتە ناو گرووپە تووندڕەوەکان لە سووریا و عێراق .

 ئەو ژنە دەگێڕێتەوە کە ئەو چەکدارە ئەمریکییەی داعش مامۆستا بووە لە ئەمریکا و ئێستاش ژن و دوو منداڵی هەیە کەلە ئەمەریکا بەجێماون و ئارەزوو دەکات رۆژێک بگەڕێتەوە بۆ سەردانییان، وەک باسیدەکات" پیاوێکی زۆر سپی بووە و ریش و قژێکی رەشی هەبووە".

ژنە ئێزدییەکە باسی ئەوەش دەکات کە" عەبدوڵڵا  پێش و پاش دەسترێژییەکان نوێژی دەکرد تاوەکو پاکببێتەوە لە کردەوەکانی"، ژەنەکە دەڵێت " پێش ئەوەی دەستدرێژی بکاتە سەرم نوێژی دەکرد بۆ ماوەی 15 خولەک بۆ نیو کاژێر، پاشان کاتێک کات دەگەیشتە کاژێر 2 بۆ 3ی درەنگانی شەو دەستدرێژی دەکردەوە سەرم ، پاشان دەچوو خۆی دەشۆری و دواتر دووبارە نوێژی دەکردەوە."

بازی وەک خۆی باسی دەکات، توانیویەتی پارێزگاری لە ژنێکی دیکە بکات بەوەی کە داوای لە ئەبوعەبدوڵڵا کردووە دەستدرێژی نەکاتەسەر ئەو ژنە و بیپارێزی وەک خزمەتگوزارێک لەلای خۆی بیهێڵێتەوە، بازی پێی گوتووە" ئەوە لەبەر من بکە، تۆ دەتوانی منت هەبێت، تکایە ئازاری ئەو مەدە و هیچ لەو مەکە، بیپارێزە وەک خزمەتگوزاری خۆت".

بەگوتەی ئەو ژنە ئێزدییە، ئەبو عەبدوڵڵا دەیتوانی ئەو ژنە لای خۆی بهێڵێتەوە چونکە ئەو شێخ و ئەمیر بووە و دەیتوانی لای خۆی بیهێڵێتەوە بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست کەسانی دیکە.

ئەو ژنە کوردەی ئێزدی توانیویەتی رزگاری بێت لەدەس چەکدارانی داعش و پاشان لەلایەن گرووپی مافەکانی مرۆڤ دەبرێت بۆ ئەمریکا و ئێستا لە ئەمریکایە بۆ سکاڵاکردن لەسەر ئەبو عەبدوڵڵا.

رۆژی 3 -8- 2014، چەکدارانی داعش شارۆچکەی شنگالیان کۆنترۆڵکرد، بەو هۆیەش بەهەزاران خێزان لەو شارۆچکەیە ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون و بە هەزاران پیاو، منداڵ، كچ و ژنی کوردی ئێزدی كوژران و رفێنران.