خاوەنی تەلەگرام لە فەرەنسا دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فەرەنسا پاڤێڵ دورۆڤ، ملیاردێر، خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرامی لە فڕۆکەخانەی لو بۆرخێت لە باکووری پاریس دەستگیرکرد.
دورۆڤ بەڕەچەڵەک رووسییە و هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسایە، رۆژی شەممە لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەکەی فەرەنسا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا، ئەوەش بەتۆمەتی ئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی هیچ رێکارێکی نەگرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی بە هاندانی تووندوتیژی و تاوانکاری دادەنرێن.
رێکخراوێکی فەرەنسا تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژیی دژی منداڵان، سکاڵای دژی تەلەگرام تۆمارکردووە و داوای دەستگیرکردنی دورۆڤی تەمەن 39 ساڵی کردووە.
تەلەگرام یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوەکانە.
دورۆڤ لە رووسیا لەدایکبووە، بەڵام وڵاتینامەی فەرەنسای هەیە و لەساڵی 2013 لەگەڵ نیکۆلای برای تەلەگرامی دامەزراند. ساڵی 2014 رووسیای جێهێشت، دوای ئەوەی داواکارییەکانی حکومەتی رووسیای بۆ داخستنی پێگەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی جێبەجێ نەکرد.
لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022، تەلەگرام بووەتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و وێنە و ڤیدیۆی جەنگەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بووەتە پێگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە.
تەلەگرام لە رووسیا بەکارهێنەری زۆری هەیە و لە ساڵی 2018 بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخە کرا، بەڵام دواتر لەساڵی 2021 بڕیارەکەی لەسەر هەڵگیرا.
بەگوێرەی لیستی ملیاردێرانی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی، سامانی خاوەنی تەلەگرام لەساڵی 2024دا 15.5 ملیار دۆلار بووە.