هێرشکارەکەی ئەڵمانیا خۆی رادەستی پۆلیس کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسەی لە شارێکی ئەڵمانیا بە چەقۆ هێرشی کردە سەر چەند کەسێک، سێیانی کوشت و هەشتی دیکەی بریندار کرد، خۆی رادەستی پۆلیسی ئەڵمانیا کرد.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆڕدڕاین ڤێستفالن شەوی 24-8-2024 رایگەیاند، "گومانلێکراوی سەرەکیی هێرشەکەی شاری زۆلینگن ـی ئەڵمانیا دەستبەسەرکراوە."
هێربێرت رویل، وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆڕدڕاین ڤێستفالن بە میدیای وڵاتەکەی گوت "ئەو کەسەی بەدرێژایی رۆژ بەدوایدا دەگەڕاین، دەستگیرکرا."
کەسەکە خۆی چووەتە لای هێزێکی پۆلیس و پێی گوتوون ئەو کەسەیە، "کە ئێوە بەدوایدا دەگەڕێن".
تۆمەتبارە دەستبەسەرکراوەکە ناوی عیسایە، تەمەنی 26 ساڵە و خەڵکی دێرەزووری سووریایە. ساڵی 2022 داوای پەنابەری لە ئەڵمانیا کردووە.
رۆژی هەینی 23-08-2024 لەنێو ئاهەنگێکی شاری زۆلینگن ـی لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، کە بە بۆنەی 650 ساڵەی دامەزراندنی شارەکە بەڕێوەدەچوو، کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ئاهەنگگێڕەکان.
هێرشکارەکە، سێ کەسی کوشت کە پێکهاتبوون لە ژنێکی 56 ساڵ و دوو پیاو؛ کە تەمەنی یەکێکیان 67 ساڵ و ئەوەی دیکەش 56 ساڵ بوو، هەروەها 8 کەسی دیکەی بریندار کرد؛ برینی چواریان سەختە.
عیسا بە جلوبەرگی تەڕ و خوێناوییەوە خۆی لە حەوشەی پشتەوەی باڵەخانەیەک شاردبووەوە. ئەو، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەڵمانیا بە "ئیسلامیێکی پەڕگیر" پۆلێنکراوە.
هەر دوێنێ، تۆرستن فلایس، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکان لە پۆلیسی دۆسڵدۆرف بە رووداوی راگەیاندبوو کەسێکی تەمەن 15 ساڵیان دەستگیرکردووە، لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی تێوەگلانی لە هێرشەکە دا دەکرێت.
ئێوارەی دوێنێش سەبارەت بەو رووداوە، هێزێکی پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر کامپێکی کۆچبەران لەنێو شاری زۆلینگن، گەنجێکی دیکەی خەڵکی سووریایان دەستگیر کرد، بەڵام وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن دەڵێت "ئەو کەسە نەبووە کە بەدوایدا دەگەڕاین."
داعش شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا ئەنجامدانی هێرشەکەی گرتە ئەستۆی خۆی و، گوتی "هێرشکارەکە سەربازێکی دەوڵەتی ئیسلامییە."