رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا، ژمارەیەک هاونیشتمانی خەڵکی سلێمانی و دەڤەری راپەڕین چوونەتە تونس و لەوێ دەستگیرکراون. بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: رۆژی دووشەممە چارەنووسیان یەکلایی دەبێتەوە.
رۆژی شەممە، 24ـی ئابی 2024، عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری یاسایی و پەیوەندییە فرە لایەنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "باڵیۆزخانەی عێراق لە تونس لەگەڵ لایەنی حکومیی ئەو وڵاتە لەسەر هێڵە و پارێزەر بۆ سەرجەم گیراوەکان دابین کراوە."
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو 16 کەسەی دەستگیرکراون، سێیان تەمەنیان خوار 18 ساڵە و قاچاخچییەکی تونسی سەرجەمیانی هەڵیخەڵەتاندوون و پێی گوتوون دەتانبەمە ئەورووپا؛ بەڵام لە توونس جێیهێشتوون."
سەبارەت بە ئازادکردنیان، عومەر بەرزنجی گوتی: "رۆژی دووشەممە چارەنووسی گیراوەکان یەکلایی دەبێتەوە، کە یان بێبەرامبەر ئازاد دەکرێن یانیش بە مەرجی پێبژاردن ئازاد دەکرێن."
دەستگیرکراوەکان خەڵکی سنووری سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، 14ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ تونس لابردنی ڤیزەی لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی راگەیاند. موسەننا ئەمین بە رووداوی گوت: "قاچاخچییەکان ئەوەیان وەک هەلێک قۆستووەتەوە و بە ناوی گەیاندن بە ئەورووپا خەڵک دەخەڵەتێنن و بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن".
ناسنامەی هاونیشتمانییەکان بەمشێوەیەیە؛ (ر. س. م – ئـ. ش. ع – ب. س. م – ب. ف. ح – ب. ئـ. س – د. ح. ر – ش. م. ع – ع. ئـ. ع – م. ش. ئـ - هـ. ع. ک – ئـ. ح. ح – ع. ع. ب – ب. ئـ. ک – ز. س. ف – ب. ق. ئـ - ک. ک. خ).
توونس یەکێکە لەو وڵاتانەی کۆچبەران خاکەکەی بەکاردێنن بۆ ئەوەی لێوەی بە دەریای نێوەڕاستدا بپەڕنەوە و خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ