رووداو دیجیتاڵ
هێڵی فڕۆکەوانیی بەریتانیا بڵاویکردەوە، گەشتە ئاسمانییەکانیان تاوەکو رۆژی چوارشەممە بۆ تەلئەڤیڤ راگرت. ئەمە بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی.
رۆژی یەکشەممە، 25ی ئابی 2024، گوتەبێژێکی هێڵی فڕۆکەوانی بەریتانیا رایگەیاند، "بە بەردەوامی چاودێری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین و بڕیارمانداوە گەشتەکانمان بۆ تەلئەڤیڤ و بە پێچەوانەوە تاوەکو رۆژی چوارشەممە 28ی ئاب، رابگرین".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ حیزبوڵڵا رایگەیاند، بە 320 کاتیۆشا و مووشەک هێرشیانکردە سەر 11 بنکەی سەربازی ئیسرائیل. لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە 100 فڕۆکەی جەنگی 40 سەکۆی هاویشتنی مووشەکیان لە باشووری لوبنان کردە ئامانج و تێکیان شکاندن. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی سێ کەس.
ئەو گوتەبێژە ئاماژی بەوەش کرد، "سەلامەتی لە پێشینەی کارەکانمانە؛ پەیوەندی بە سەرنشینانمانەوە دەکەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردەی دیکەیان بۆ گەشتکردن پێبدەین".
هێرشەکان کاریگەرییان لەسەر چەند گەشتێکی دیکەی ئاسمانی بەیرووت و تەلئەڤیڤ هەبووە. ژمارەیەک گەشت هەڵوەشێندرانەوە یان دواخران، هەروەها کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی فەرەنسا، ئوردن و ئیمارات گەشتەکانی ئەمڕۆیان بۆ لوبنان و ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە.
بەگوێرەی بزووتنەوە لوبنانییەکە، هێرشەکەیان لە تۆڵەی کوژرانی فوئاد شوکرە، "ئێستا موقاوەمەی ئیسلامی لەوپەڕی ئامادەییدایە و رووبەڕووی هەموو دووژمنکارییەکی زایۆنی دەبێتەوە".
فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵا بوو، رۆژی 30-06-2024 لە باشووری بەیرووت لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا.
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل نەوەستاوە. لەو شەڕەدا زیاتر لە 600 کەس لە لوبنان و نزیکەی 50 کەس لە ئیسرائیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ