رووداو - هەولێر
لە کۆتایی 15مین لووتکەی بریکس کە لە شاری جۆهانسبێرگی ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو، سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام و میوانەکانی، وێنەی یادگارییان گرت. لەو لووتکەیەدا ژمارەی ئەندامانی گرووپەکەدا زیاد کرا.
سیرڵ رامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور دەڵێت، "ئێمە هاوبەشی بریکس وەکو کلیلی گەشە و بەرەوپێشبردنی جیهان دەبینین، هەروەها وەکو وەڵامی پێداویستییەکانی سەرجەم وڵاتان دەیبینین. ئەوە مافی ئەفریقا و تەواوی جیهانی باشوورە، کە سوود لە قازانجەکانی بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی جیهان بکەن".
بریکس کە لە ساڵی 2009 دامەزراوە، کورتکراوەی پیتی یەکەمی دامەزرێنەرانییەتی کە پێکدێن لە بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور. هاوپەیمانێتییەکە ئابوورییە و سێیەکی ئابووریی جیهان و 40٪ـی ژمارەی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنێت. تاوەکو ئێستا 15 لووتکەیان بەستووە و لە دوایین لووتکەدا، بڕیاریاندا شەش وڵاتی دیکە بکەنە ئەندامی ئەو گرووپەکە، ئەوانیش ئەرجەنتین، ئێران، سعودیە، میسر، ئیمارات و ئەسیوپیان. زیاتر لە 20 وڵاتی دیکەش داواکاریی ئەندامبوونیان پێشکێشکردووە.
رووسیا و چین کە بەچڕی لەسەر دروستکردنی بەرەیەکی پتەو بەرامبەر بە وڵاتانی رۆژئاوا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاریان کردووە، فراوانبوونی گرووپی بریکس بەو ئامانجە تەماشا دەکەن، بەتایبەتیش یەکێک لە ئەندامە نوێیەکان ئێرانە.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گوتی، "بریکس سیمبوڵی ئەو جۆرە گۆڕانکارییانەیە لە چوارچێوەی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان کە توانای تەواوی هەیە بۆ ئەوەی بە ئەرێنی بەشداربێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان".
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیەش باسی لەوە کرد، "پەیوەندییە ستراتیژییەکەی نێوان شانشین و وڵاتانی بریکس، لە چوارچێوەی پرەنسیپە هاوبەشەکان خۆی دەبینێتەوە کە گرنگترینیان، بڕوابوونێکی بەهێزە بە رێزگرن لە سەروەری و سەربەخۆیی دەوڵەتەکان و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان نەکرێت و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتییانە".
نزیکەی 50 سەرکردەی جیهان بەشدارییان لە لووتکەدا کرد کە سێ رۆژی خایاند، سەرکردەکانی بریکس پێیانوایە پەیامەکەیان لەسەر سەکۆی جیهان فراوان و کاریگەرتر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ