رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری "زیندووکردنەوە"ی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، کێشە حیزبییەکانی نێوان کۆماری و دیموکراتەکانی نێو کۆنگرێسی ئەمریکا، زیاتر بوون.
لە ماوەی 16 مانگی تەمەنی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێران و وڵاتانی 4 کۆ 1 لە ڤیەننای نەمسا کە لە نیسانی ساڵی 2021وە دەستیانپێکرد، گۆڕەپانی سیاسی ئەمریکا تاڕادەیەکی زۆر بەسەر دوو بەرەی لایەنگر و دژی رێککەوتنەکە دابەش بوو.
لەلایەک ئیدارەی بایدن و زۆربەی دیموکراتەکان هەن کە پێیانوایە "ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی"یەوە زیاتر لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، لە بەرامبەردا لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی زۆرینە کۆماری هەن، کە پێیانوایە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە جگە لە "رێگەیەک بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردن و دەستکراوەترکردنی ئێران" هیچ شتێكی دیکە نییە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، دژبەرانی رێککەوتنەکە هەڵمەتەکانیان دژ بە ئیدارەی بایدن و هەوڵەکانی چڕکردەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری نزیکبوونی واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی.
هەستیارترین خاڵ کە دژبەرانی رێککەوتنەکەی نیگەران کردووە، لادانی بڕگەی تایبەت بە کردەکانی ئێرانە لە ناوچەکە کە واشنتن بە "تیرۆریست" و "ناسەقامگیرکردن"ی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناویان دەبات.
جول رایبین، گەورە راوێژکاری بێل هاگێرتی، سیناتۆری کۆماری دەڵێت: "راستییەکە ئەوەیە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 بەهۆی بەردەوامبوونی رژێمی ئێران لە ساڵانی 2016 و 2018 بە ئەنجامدانی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها ئەمریکا، هەرەسی هێنا، ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ بەردەوامبوونی ئێران بە کۆکردنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتەکەی و بەکارهێنانی ئەو داهاتە بۆ دابینکردنی خەرجی سوپاکەی و کردە تیرۆریستییەکانی".
رایبین کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا نێردەی تایبەتی ئەمریکا بوو بۆ سووریا دەڵێت: "ئیدارەی ترەمپ بۆ ماوەی 16 مانگ هەوڵیدا رێگەیەک بدۆزێتەوە بەرپەرچی تیرۆری ئێران بداتەوە بەبێ ئەوەی کۆتایی بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بهێنێت، بەڵام هیچ رێگەیەکی نەدۆزییەوە بۆیە لە 2018دا لێی کشایەوە".
ئەو راوێژکارە کۆمارییە پێیوایە ئێستاش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە، "ئەگەر ئیدارەی بایدن رێککەوتنەکە زیندوو بکاتەوە دیسان دوای ماوەیەک هەرەس دەهێنێت، چونکە ئێران وەک ئێستا بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی جەنگەکان".
کۆنگرێس و یاسای ئینارا
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە ئیدارەی ئەمریکی دەکەن ناوە ناوە بە راپۆرتێک لە وردەکاریی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن ئاگاداریان بکەنەوە، ئەوان وەک خۆیان دەڵێن بەدەست نەبوونی شەفافییەتەوە دەناڵێنن، هەر ئەوە بوو کە هانی مایک مەکۆل، گەورە ئەندامی کۆماری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا نامەیەک ئاراستەی بایدن بکات و تێیدا رەخنەی تووند لە نەبوونی شەفافییەت بگرێت.
ماکول گوتی: "پچڕانی پەیوەندی لەنێوان کۆشکی سپی و کۆنگرێس لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە ئێمەی شۆک کردووە لەکاتێکدا پەرلەمانی ئێران لە هەموو وردەکارییەکانی دانوستاندنەکان ئاگادار دەکرێتەوە؛ گوتیشی ئەو راستییانە ئەوە دەخەنەڕوو کە دانوستاندنکارە ئێرانییەکان لە ئەنجامی گفتوگۆکان رازین لەکاتێکدا دانوستاندنکارە ئەمریکییەکان هێشتا هەوڵدەدەن سازشی زیاتر پێشکێش بە ئێران بکەن و بانگەشە بۆ گرێبەستێكی ئەتۆمی خراپ بکەن".
کۆنگرێسی ئەمریکا بەڵێنیداوە لەو بارەیەوە بێدەنگ نەبێت، بۆیە پەنا بۆ یاسای (ئینارا) دەبات، کە لە ساڵی 2015 دەریانکرد، ئەو دەمەی کە ئیدارەی ئۆباما واژۆی لەسەر رێککەوتنەکە کرد.
ئینارا INARA، یاسای چاودێریکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانە، کە لە 14ی ئایاری ساڵی 2015دا بە زۆرینەی دەنگی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیراندا پەسند کرا، 98 ئەندامی ئەنجوومەنە 100 ئەندامییەکەی پیران و 400 ئەندامی ئەنجوومەنە 435 ئەندامییەکەی نوێنەران دەنگیان پێیدا.
بەگوێرەی ئەو یاسایە ئیدارەی ئەمریکی چ ئەوەی بایدن بێت یان ئیدارەکانی داهاتووی ئەمریکا ناچار دەکات هەر رێککەوتنێكی (نوێ) لەگەڵ ئێراندا بکات دەبێت بیخاتە بەردەم کۆنگرێس بە هەردوو ئەنجوومەنەکەی تاوەکو دەنگی لەسەر بدەن و لە ئەگەری رەتکردنەوەی، ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڵام خاڵی گرنگ و هەستیاری یاساکە وشەی (نوێ)یە، چونکە ئیدارەی بایدن دەتوانێت بڵێت ئەو رێککەوتنەی کە بڕیارە واژۆ بکرێت (نوێ) نییە، بەڵکو زیندووکردنەوەی رێککەوتنە کۆنەکەیە، بەو جۆرەش ئیدارەی بایدن ناچار نابێت بیخاتە بەردەم کۆنگرێس بۆ دەنگدان لەسەری؛ بەڵام چی دەبێت ئەگەر هات و بایدن ئەو هەنگاوەی نا؟
رێگەکانی بەردەم کۆنگرێس چین؟
ئەگەر ئیدارەی بایدن بەو ئاراستەیە بڕوات، کە رێكکەوتنەکە بە حیسابی درێژکراوەی رێککەوتنە کۆنەکە دابنێت و نەیخاتە بەردەم کۆنگرێس، ئەو کاتە کۆنگرێسی ئەمریکا دەتوانێت لەبری دەنگدان لەسەر پەسندکردنی رێککەوتنەکە، پەکخستنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بخاتە دەنگدانەوە، دروست هەمان سیناریۆ کە لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما روویدا.
بەڵام کێشەی بەردەم ئەو پرۆسەیە ئەوەیە کە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنەکەیە، واتە 67 دەنگی ئەنجوومەنی پیران و 290 دەنگی ئەنجوومەنی نوێنەران، دژبەرانی رێککەوتنەکە ئەو رێژەیەیان لە کۆنگرێسدا نییە.
لە نموونەکەی ساڵی 2015ی کۆنگرێس. ئەو کاتە لە پیراندا 56 دەنگ کۆکرانەوە لە نوێنەرانیشدا 269 دەنگ هەبوون، بەو جۆرەش هەوڵی وەستاندنی رێککەوتنەکە شکستی هێنا.
بەڵام جگە لەوە، ئیدارەی بایدن هەر لە سەرەتای دەستکردن بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان خۆی لە بەکارهێنانی ناوی "رێککەوتنی نوێ، یان پەیماننامە" بە دوور گرت و بەناوی "یاداشتی لێکتێگەیشتن" چووە پێشەوە تاوەکو ناچار نەبێت بیخاتە بەردەم دەنگدانی کۆنگرێسەوە، بەڵام هەر ئەو "فێڵە شەرعییە" کاریگەریی پێچەوانەشی هەیە، چونکە کاتێك کە ئیدارەیەکی ئەمریکی واژۆ لەسەر بابەتێک دەکات کە ناوی "یاداشتی لێکتێگەیشتن" و بە فیلتەری کۆنگرێسدا تێناپەڕێندرێت، ئەو کاتە هەموو سەرۆکێكی داهاتووی ئەمریکا دەتوانێت بەگوێرەی دەسەڵاتەکانی بەئاسانی بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس لەو رێککەوتنە بکشێتەوە.
هەر ئەو کارە بوو کە ترەمپ کردی، چونکە ئیدارەی ئۆباماش بەناوی "یاداشتی لێکتێگەیشتن" رێککەوتنەکەی واژۆ کردبوو.
هەرچەندە هەواڵە دزەپێکراوەکان باس لەوە دەکەن گوایە ئیدارەی بایدن گارانتی ئەوەی داوەتە ئێران، کە هیچ ئیدارەیەکی داهاتووی ئەمریکا لە رێكکەوتنەکە نەکشێتەوە، بەڵام ئەندامانی کۆنگرێس دەڵێن هیچ یاسایەک نییە ئەوە گارانتی بکات، هەر ئەوە بوو کە تێد کروز، سیناتۆری کۆماری لەبارەیەوە گوتی: "من بەنیازم رووبەڕووی ئەو رێكکەوتنە کارەساتبارە ببمەوە و لەگەڵ ئەندامانی دیکەی کۆنگرێس کار دەکەین بۆ دژایەتیکردن و هەڵوەشاندنەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025"، لەو رۆژەدا سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات و ئەگەری هەیە کۆماری بێت.
کۆمارییەکان: ئێران لەسەر کردە تیرۆریستەکانی پاداشت دەکرێتەوە
کۆمارییەکان پرسیاریان لەلا دروستبووە و دەڵێن، "چۆن دەکرێت ئیدارەی بایدن هەوڵ بدات سزاکانی سەر رژێمێك هەڵگرێت کە پاڵپشتی لە تیرۆر دەکات؟ ئەوان دەڵێن ئێران هەوڵی داوە بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا لەسەر خاکی خودی ئەمریکا تیرۆر بکات وەک جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوە. دەشڵێن: "رێککەوتنەکە دەستی ئێران بەسەر سەتان ملیار دۆلار دەکاتەوە و رێگەی زیاتر بەڕووی سوپای پاسداراندا دەکاتەوە درێژە بە کردە تیرۆریستییەکانیان بدەن و تیرۆر هەناردەی جیهان بکەن".
ئیدارەی بایدن بەپێچەوانەوە پێیوایە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران مەترسییە ئەتۆمییەکانی کەمتر دەکاتەوە و لە ئەنجامدا هەڕەشەکانی سەر وڵاتانی ناوچەکە و خودی ئەمریکاش کەمتر دەکاتەوە.
بەڵام چەند شارەزایەکی ئەمریکی لەنێویاندا بۆڵتن دەڵێت: "ئەو باوەڕەی ئیدارەی بایدن گوزارشت لە ناواقیعی ئیدارەکە لە ئاست ئێران دەکات، چونکە راستە لەوانەیە ئیدارەی بایدن گفتوگۆ ئەتۆمییەکان دوور لە هەوڵی ئێران بۆ کوشتنی ئەمریکییەکان دابنێت، بەڵام ئێرانییەکان بەو جۆرە ناڕواننە بابەتەکە بەڵکو بە یەک چاو و وەک یەک پاکێج دەڕواننە ئەو پەڕاوانە، رژێمی ئێران پێیوایە بەرنامە چەکە ئەتۆمییەکەی و توانا تیرۆریستییەکانی وەک دووڕووی دراوێکن و بە ئامراز و چەکی شۆڕشی ئیسلامی دژ بە شەیتانە گەورەکەی دادەنێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ