ئوسترالیا ستایشی رۆڵی هێزی پێشمەرگە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئوسترالیا ستایشی رۆڵی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش دەکات و دەشڵێت، پابەندن بەوەی شان بە شانی هێزەکانی هاوپەیمان بەردەوام بن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
لە وەڵامی پیرۆزبایینامەیەکی هەڤاڵ سیان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئوسترالیا، کە بۆ تۆم مێنەدیو، یاریدەدەری جێگری وەزیری بەرگریی ئوسترالیا بەبۆنەی وەرگرتنی ئەو پۆستە بۆی ناردبوو، مێنەدیو رایگەیاندووە، وڵاتەکەی ستایشی ئەو رۆڵە گرنگە دەکات، کە هێزەکانی پێشمەرگە هەیبووە لە شەڕی دژی تیرۆردا.
لەبارەی نامەکەوە، هەڤاڵ سیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو نامەیە گرنگیی هەرێمی کوردستان بۆ ئوسترالیا و هەروەها بەهێزیی پەیوەندییەکانی ئوسترالیا و هەرێمی کوردستان و عێراق دەسەلمێنێت.
هەروەها ئەو بەرپرسە ئوسترالییە دەڵێت، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رووبەڕووی داعش و هەڕەشەکانی دیکە دەبنەوە، ئەویش بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
ئوسترالیا وەکو ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لە ئەیلوولی 2014، هەشت فڕۆکەی سەربازی جۆری هۆرنێتی رەوانەی عێراق کرد بەمەبەستی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لەدژی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا.
هەر لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی ئوسترالیا بۆ عێراق، لە مانگی ئەیلوولی 2014، سوپای ئوسترالیا 200 سەرباز و راوێژکاری سەربازی رەوانەی عێراق کرد و لە بنکەی سەربازی تاجی بەمەبەستی مەشق و راهێنان بە سەربازانی عێراقی، جێگیر کران.