پلاسخارت: دژی بایکۆتکردن و دواخستنی هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی عێراقم

25-08-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پلاسخارت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق دوایین راپۆرتی خۆی لەبارەی عێراق لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی پێشكێشكرد، لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە داوای لە دەنگدەرانی عێراق کرد هەڵبژاردن بایکۆت نەکەن "چونکە دژی بایکۆتکردن و دواخستنی هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی عێراقم."
 
رۆژی چوارشەممە 25-08-2021 ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی دۆخی عێراق کۆبووەوە. جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق رایگەیاند، بایکۆتکردنی دەنگدان لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا نابێت و داوای لە دەنگدەرانی عێراق کرد، هەموویان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختدا بەشدار بن. 
 
پلاسخارت دەڵێت، "خەڵکی عێراق گرووپێکی یەک رەنگ و یەکخراو نین. عێراق کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگە، شوێنی کۆمەڵێکی گەورەی خەڵک، زمان و ئایینی جیاجیایە و تێڕوانین و بۆچوونەکان تێیدا جیاوازن."
 
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق دەڵێت، ئەگەر دەنگدەران ئەم هەڵبژاردنە بایکۆت بکەن، ئەوا رەنگە ئەنجامەکە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نەبێت و ببێتە هۆی دروستبوونی حکومەتێک کە بە دڵی بایکۆتکارەکان نەبێت. 
 
پلاسخارت دەشڵێت، بە بایکۆتکردنی دەنگدان، بایکۆتکارەکان خۆیان دەخەنە دەرەوەی پڕۆسەکە، لە ئەنجامدا، ئەوانی دیکە لە رێگەی دەنگەکانیانەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی داهاتوویان دەدەن. 
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا "بە دەنگ نەدان، تۆ بێدەنگیی خۆت دەکەیتە دیاریێک و پێشکێش بەو کەسانە دەکەیت، کە رەنگە هاوڕا نەبن لەگەڵت."
 
جێنین پلاسخارت، هەروەها باس لەوە دەکات کە ئەوان لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی هاوکاریی تەکنیکی پێشكێش بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن تا هەڵبژاردنەکان پاک و ئازاد بن، بەڵام هۆشداری دەدات کە بڕیاری ساختەکارینەکردن لە دەستی پارتە سیاسییەکان خۆیاندایە. 
 
نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق راشیگەیاند "گرنگە کە جەخت لەوە بکەمەوە کە پارتە سیاسییەکان خۆیان دەتوانن یان ئەم هەڵبژاردنانە بە ئەنجام بگەیێنن یانیش تێکیان بدەن. گرنگ نییە چەند هەنگاوی تەکنیکی جێبەجێدەکرێت، بڕیارەکە هەر لە دەستی خۆیاندایە کە خۆیان لە هەر هەوڵێکی شێواندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە دووربگرن. لە دەستی ئەواندایە کە کۆتایی بە کڕینی دەنگ، ناچارکردنی دەنگەدەران یان کارە نایاسییەکانی دیکە بهێنن. ئەوە ئەوانن کە پێویستە هەموویان پێکەوە ببن. چونکە تەنیا پێویست بە یەک لایەنی خراپ دەکات بۆ تێکدانی پڕۆسەکە لە هەموو ئەوانی دیکە."
 
نوێنەرانی بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاساییش، لە نێویشیاندا، فەرەنسا، بەریتانیا و نەرویج، هانی حکومەتەکانی هەرێمی کورستان و حکومەتی عێراقیاندا کە لەڕێگەی گفتوگۆیەوە، کێشەکانیان چارەسەر بکەن، هەروەها داوایان کرد رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. 
 
مۆنا جووڵ، نوێنەری نەرویج لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "بەڕێز سەرۆک، لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، خۆشحاڵین کە دەبینین بەرەوپێشچوون لە پرسی پڕۆژەبودجەدا هەیە، ئێمە داوا دەکەین کە پڕۆژەبودجەکە خێرا جێبەجێبکرێت. هەروەها داوا لە حکومەتی فیدڕالی و حکومەتی ‌هەرێمی کوردستان دەکەین کە پەرە بە دانوستاندنەکانی نێوانیان بدەن بۆ ئەوەی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و پێکەوە کارکردنیش زیادبکەن. هەروەها داوادەکەین بۆ پاراستنی ئاساییشی سنوورەکان و لە ناوچە ناکۆکییە لەسەرەکان پێکەوە کاربکەن، هەروەها داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەین."
 
ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە هەڕەشەی داعش لە عێراق کۆتایی نەهاتووە و پاڵپشتی خۆیان بۆ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە پەڕگیرە دووپاتکردەوە. 
 
نوێنەری ئەمریکاش باسی لەوە کرد کە ئەوان لە عێراق بەردەوام دەبن لە مەشقپێکردنی هێزە ئەمنییەکان و بەگوێرەی ئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان واشنتن و بەغدا، لە یەکەم رۆژی ساڵی داهاتووەوە، هیچ هێزێکی شەڕکەریان لە عێراقدا نامێنێتەوە. 
 
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە راپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیێنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە "داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی."

هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات "هەوڵەکانیان بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان چڕبکەنەوە و هاوکاربن لە دادگاییکردنی داعش لەژێر رۆشنایی تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش ( یونیتاد)."

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2015 و لە توێی بڕیاری ژمارە 2253، مەترسی داعشی بە مەترسییەکی نێودەوڵەتی ناساند و داوای هەماهەنگی فرەلایەنەی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی. "سێزدەمین راپۆرتی سکرتێری گشتیش لەژێر رۆشنایی ئەم بڕیارە دەرچووە، و ئاماژەی بە چالاکییە روو لە زیادبوونەکەی داعش کردووە، بە شێوەیەک کە لە ساڵی 2021 زیاتر پەلی کوتاوە بۆ ئەفریقا و دۆخی ناهەمواری پەتای کۆرۆنای لە زۆرێک لە وڵاتان قۆستۆتەوە بۆ برەودان بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی." 

بەپێی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان "تیرۆر هێشتا ریشەکێش نەکراوە و هەڕەشەیەکی بەردەوامە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی. هەروەک راپۆرتەکەی سکرتێری گشتی ئاماژەی پێدەدات، داعش خاوەن تۆڕێکی دارایی فراوانە لە عێراق و ئەم تۆڕە تا هەنووکە چالاکە و سەرچاوەکەی وشکی نەکردووە، هەر ئەمەش وایکردووە کە چالاکییەکانی لەم ماوەیەدا چڕببنەوە." 

بە گوێرەی داتاکانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان "داعش تەنیا لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 160 هێرشی تیرۆریستی لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامداوە، کە خۆیان لە شاڵاوی چەکداری، تەقینەوەی خۆکوژی، خاڵی پشکنینی ساختە و چەندان چالاکی دیکە دۆزیوەتەوە، کە بەهۆیەوە دەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پرسی لادانی بایدن لە بەربژێریی سەرۆکایەتیی ئەمریکا

پرسی دوورخستنەوەی بایدن لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هێشتا گەرمە

بایدن لە تەمەنی 82 ساڵیدا هێشتا هەوڵدەدات بە پیاوە خاوەن زەوق و شۆق و رەوشت بەرزەکەی کۆشکی سپی ناوبنرێت؛ بەڵام دەستی جێل ـی هاوژینی دەگرێت نەوەک پێی لە یەكێک لە 5 دانە قادرمەکانی چوونە خوارەوە لە هێلیکۆپتەری سەرۆکایەتی، پێچ بخوات.