نەتەوە یەکگرتووەکان: 733 ملیۆن کەس لە برسیێتیی تووند دا دەژین

رووداو دیجیتاڵ 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی 733 ملیۆن کەس لە برسیێتیی تووند دا دەژین و دەڵێت لە هەر 11 کەسێک یەکێکیان لە برسێتیی تووند دا دەژیت. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، کەمپێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە سوودانی باشوور. لەوێ خواردن و پێویستییەکان بەسەر ئاوارەکاندا دابەش دەکرێن. 
 
پەتای برسیێتتیی تەنیا تەنیا ئەو وڵاتەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو جیهانییە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات.
 
دەیڤد لابۆرد، بەڕێوبەر لە رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "لە ئاستێکی بەرزی برسیێتی داین لە جیهاندا 733 ملیۆن کەس لە برسیێتییەکی تووند دا دەژین."
 
لە راپۆرتەکەیدا نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی برسیێتی لە ساڵی 2023دا کە رۆژی 24ی تەممووز بڵاوکرایەوە؛ دەڵێت، لە هەر 11 کەسێک، یەکێکیان لە برسیێتییەکی تووند دا بووە.
 
بەرزترین رێژە لە ئەفریقا بوو کە 20.4٪ـە، دوای ئەویش لە ئاسیا بە 8.1٪ و ئەمریکای باشوور بە 6.2٪ی دانیشتووانەکەیان دێن. هەروەها، دوو ملیار و 330 ملیۆن کەسیش ناوە ناوە رووبەرووی برسیێتی و نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە.
 
بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی کەسانی برسی بەراورد بە 2019، 152 ملیۆن کەس زیادی کردووە.
 
دەیڤد لابۆرد، بەڕێوبەر لە رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات: "سیستمی بەرهەمهێنانی خۆراکیی جیهانی، هۆکاری دەردانی یەک لەسەر سێی گازە گەرمکەرەکانە بە دەستی مرۆڤەوە. هەربۆیە، پێویستە سەرنجی وەبەرهێنان لە کشتوکاڵ لەسەر کەمکردنەوەی دەردانی ئەو گازانە بێت. ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و خۆ ئامادەکردن بۆ داهاتوو."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئامانجییەتی بە هاتنی ساڵی 2030 کەسی برسی لە جیهاندا نەمێنێت. بەڵام پێشبینی دەکەن ئەگەر هەنگاوی کاریگەر نەنرێت ئەو کات 582 ملیۆن کەس لە جیهاندا هەر لە برسیێتییەکی تووندا دەمێننەوە.