جۆ بایدن: کاتی ئەوەیە مەشخەڵەکە بدەینە دەست نەوەی داهاتوو

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە یەکەم گوتاری دوای کشانەوەی، بایدن لەنێو نووسینگەکەی لە کۆشکی سپی رایگەیاند، هەرچەندە کارەکانی رابردووی وەکو سەرۆکی ئەمریکا شایستەبوونی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی دەسەلمێنن، بەڵام باشترین رێگە بۆ بەرەوپێشچوون ئەوەیە، "مەشخەڵەکە بدەینە دەست نەوەی داهاتوو."
 
رۆژی پێنجشەممە، 25ـی تەممووزی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، "من ئەو ئۆفیسەم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام وڵاتەکەمم لەلا خۆشەویستترە. بۆ من شانازییەکی ژیانم بوو کە وەکو سەرۆکی ئێوە خزمەتم کرد، بەڵام بەرگری لە دیموکراسی، کە ئێستا لە مەترسیدایە، لە هەموو ناونیشانێک گەورەترە."
 
بایدن لە گوتارەکەیدا کە 11 خولەکی خایاند، دووپاتیکردەوە توانای هەیە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی بەردەوام بێت، بەڵام وای بەباش زانیوە دەرفەت بە کەسانی دیکە بدات. 
 
بایدن گوتی، "پێموایە کە رابردووم وەکو سەرۆک و سەرکردایەتیم لە جیهان و دیدگام بۆ داهاتووی ئەمریکا هەموو ئەمانە شایستەبوونی من بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی دەسەلمێنن، بەڵام هیچ شتێک ناتوانێت رێگری لە رزگارکردنی دیموکراسیمان بکات، لەنێویاندا ویستی کەسی. هەربۆیە بڕیارمدا کە باشترین رێگە بۆ بەرەوپێشچوون ئەوەیە مەشخەڵەکە بدەمە دەست نەوەی نوێ، ئەوە باشترین رێگەیە بۆ یەکخستنی گەلەکەمان."
 
بایدن لە گوتارەکەیدا، کە یەکەم گوتاریبوو دوای وازهێنانی لە بەربژێربوون، ستایشی کامالا هاریسی جێگری کرد، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بەربژێری فەرمیی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا. 
 
بایدن لە بارەی کامالادا گوتی: "ئەو کەسێکی بە ئەزموون، سەرسەخت و بەتوانایە؛ کامالا هاوبەشێکی باشی من و سەرکردەیەکی نایابی وڵاتەکەمانە."
 
بایدن بەبێ ئەوەی ناوی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بهێنێت، رەخنەی لێی گرت و گوتی: "ئەمریکییەکان دەبێت لەنێوان بەرەوپێشچوون و گەڕانەوە بەرەو دواوە، لەنێوان هیوا و رقلێبوونەوە لەنێوان یەکگرتووی و جیاکاری، یەکێکییان هەڵبژێرن."
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth رەخنەی لە گوتارەکەی بایدن گرت و نووسی: "بە زەحمەت لە گوتارەکەی بایدنی خواروخێچ تێدەگەیشتی و زۆر خراپ بوو."
 
خانمی یەکەمی ئەمریکا سوپاسی پاڵپشتیکارانی بایدنی کرد
 
جیل بایدن، هاوژینی جۆ بایدن، دوای گوتارەکەی بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کۆپییەکی نامەیەکی دەستنووسی بڵاوکردەوە و تێیدا سوپاسی لایەنگرانی بایدنی کرد.  
 
جیل لە نامەکەیدا دەڵێت، "بۆ ئەوانەی کە هەرگیز نەلەرزیون، ئەوانەی رەتیانکردەوە گومان بکەن، ئەوانەی هەمیشە باوەڕیان هەبوو، دڵم پڕە لە سوپاسگوزاری بۆتان."
 
خانمی یەکەمی ئەمریکا پاڵپشتی لە کامالا هاریس دەکات و لە نامەکەیدا نووسیویەتی: "سوپاس بۆ متمانەتان بە جۆ، ئێستا کاتی ئەوەیە متمانە بە کامالا ببەخشین."
 
لە کارەکەم بەردەوام دەبم
 
بایدن لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە و گوتیشی، پلانی هەیە لەو ماوەیەدا خەرجییەکانی هاووڵاتییان کەم بکاتەوە، ئابووریی ئەمریکا باشتر بکات و بەرگریی لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بکات. 
 
لەو ماوەیەی کە لە کۆشکی سپیدا ماویەتی، بایدن گوتی، کار دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ غەززە بهێنێت: "کاردەکەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان".
 
کێ دەبێتە جێگرەوەی بایدن؟
 
بەرپرسانی دیموکراتەکان رۆژی چوارشەممە رایانگەیاند بڕیاریانداوە لە یەکی ئەیلوول بە دەنگدانی نوێنەرەکان جێگرەوەی بایدن دیاری بکەن. 
 
بەهێزترین کەس کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان کامالا هاریسە. زۆرترین سەرکردەی دیموکراتەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ دەربڕیوە.
 
بیڵ کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و هیلاری کلینتن، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە: "پاڵپشتیی کامالا هاریس، جێگری سەرۆک دەکەین و هەموو کارێکیش بۆ سەرکەوتنی دەکەین."
 
جگە لە هاریس، دێن فلیپس، گاڤین نیوسم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆنیا و گرێچن ویتمێر، حاکمی ویلایەتی میشیگن دیارترین ئەو کەسانەن بۆ بوونە بەربژێری دیموکراتەکان.  
 
کامالا هاریس کێیە؟ 
 
کامالا هاریس لە دایکبووی ساڵی 1964ـە و لە ساڵی 2021ـەوە جێگری سەرۆکی ئەمریکایە. ئەو یەکەمین ژنە لە مێژووی ئەمریکادا ئەو پۆستەی هەبووبێت و یەکەمین جێگری سەرۆکی ئەمریکایە کە لە باوکێکی جامایکی-ئەمریکی و دایکێکی هیندی-ئەمریکی بووبێت. 
 
ساڵانی 2011 بۆ 2017 کامالا حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا بووە و لە 2017 تاوەکو 2020یش ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە