نەتەنیاهوو لە کۆنگرێسی ئەمریکا: پێویستە غەززە لەلایەن فەلەستینییەکانەوە بەڕێوەببرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە پێی خستەوە نێو کۆنگرێسی ئەمریکا و، بە چەپڵە و هووتافەوە پێشوازیی لێکرا. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە کۆڵێک کاخەزەوە دەرکەوت و هێرشیکردە سەر ئێران.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی "جیهانەکەمان لە گۆڕانکارییەکی گەورەدایە. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێران دەستی بە تیرۆر دەگات و ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوڕێ عەرەبەکانمان بەگژ یەکدا دەبات. ئەمە جەنگی دوو شارستانییەت نییە، بەڵکو ئەمە جەنگی وەحشیگەرایی و شارستانییەتە."
 
ئەمە چوارەم جارە نەتەنیاهوو بۆ پێشکێشکردنی گوتار چووە گرنگترین ناوەندی بڕیاری ئەمریکا، دوایین جار لە ئاداری 2015 بوو. تائێستا هیچ سەرۆکێکی بیانی هێندەی نەتەنیاهوو لەسەر ئەم سەکۆیە قسەی نەکردووە.
 
نەتەنیاهۆ لەبەردەم نزیکەی 500 سیناتۆر و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە گوتارەکەی رۆژی چوارشەممە، 24-7-2024ـیدا باسی روانگەی خۆی بۆ غەززەی دوای جەنگ کرد.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی "ئەو رۆژەی حەماس دەبەزێنین، غەززەیەکی نوێ لەدایک دەبێت، روانگەی من بۆ ئەو رۆژە بریتییە لە غەززەییەکی داماڵدراو لە چەک و تووندڕۆیی. غەززە پێویستە ئیدارەیەکی سڤیلی هەبێت و لەلایەن فەلەستینییەکانەوە بەڕێوەببرێت، کە ویستی وێرانکردنی ئیسرائیلیان نەبێت، ئەمە شتێکی هێندە گەورە نییە کە داوای دەکەین. ئەمە شتێکی بنچینەییە و مافی خۆمانە داوای بکەین و بەدەستی بهێنین."
 
لە نێو هۆڵی کۆنگرێس باس باسی ئازادکردنی بارمتەکان و پەیوەندییە پۆڵایینەکەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بوو؛ لە دەرەوەش هەزاران خۆپیشاندەر رژابوونە بەردەم باڵاخانەی کۆنگرێس؛ پشتگیریی غەززە و سەرکۆنەی سیاسەتی نەتەنیاهوویان دەکرد.
 
9 مانگ بەسەر جەنگی غەززە تێدەپەڕێت و، هێشتا هیچ تروسکاییەک بۆ راگرتنی جەنگەکە نابینرێت.