بەڕێوەبەری FBI: رەنگە گوللـە بەر ترەمپ نەکەوتبێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

کریستۆڤەر رەی، بەڕێوەبەری نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (FBI) رایگەیاند، روون نییە ئایا ئەوەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوچەی بەتلەری پێنسیلڤانیا بەر گوێی دۆناڵد ترەمپ کەوت گوللـە بوو یان ساچمە. 
 
FBI سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە هێرشەکەی 13ی تەممووز بۆ سەر ترەمپ، کە بووە هۆی کوژرانی ئامادەبوویێکی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە و برینداربوونی دووی دیکە. 
 
هێرشکارەکە کەسێکی تەمەن 20 ساڵان بوو بە ناوی تۆماس ماتیو کرووکس، کە لەلایەن ئەندامانی هێزی ئەمنیی فەرمانگەی کاروباری نهێنییەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. 
 
گوێی ترەمپ خوێی لێ دەچۆڕا و بە پەلە لە سەکۆیەکە بردرایە خوارەوە. هەر ئەو شەوە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند: "گوللـەیەکم بەرکەوت کە بەشی سەرەوەی گوێمی دیوبەدەر کرد." هەروەها گوتی، گوێی لە "ویززەی گوللـە" بووە. 
 
هەفتەیەک دوای هێرشەکە، تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ راپۆرتی پشکنینی پزیشکی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات، گوللـە بەر گوێی راستی ترەمپ کەوتووە کە "کەمتر لە چارەگە ئینچێکی مابوو بچێتە نێو کەللـەی."
 
بەلام رۆژی چوارشەممە، رەی لە بەردەم لیژنەی دادی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی گوتی، هێشتا روون نییە کە ئایا برینەکەی ترەمپ بەهۆی گوللـەوە بووە یان ساچمە. 
 
کێڤ کایڵی، ئەندامی لیژنەکە لە رەی پرسی: "هێندەی تۆ لێی تێگەیشتبی، گوللـەی بکوژەکە بە چ رادەیەک نزیک بوو لەوەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بکوژێت؟"
 
رەی لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد، وا تێگەیشتووە کە یان گوللـە یان ساچمەیەک "لە گوێی[ی ترەمپ] خشاوە". 
 
دواتر جیم جۆردن، سەرۆکی لیژنەکە لە رەی پرسی کە ئایا ئەو هەشت گوللـەیەی لە لایەن تەقەکەرەکەوە هاوێژرابوون هەموویان دۆزراونەتەوە. 
 
جۆردن گوتی: "روونە کە ئێمە دەزانین بەڕێز کۆمپێراتۆر گیانی لەدەستدا، دوو ئامادەبووی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە برینداربوون، بە سەختی برینداربوون، دواتریش یەکێک بەر سەرۆک ترەمپ کەوت. ئایا هیچ لەو کەسانە زیاتر لە یەک گوللـەیان بەرکەوت؟ ئەو هەشت گوللـەیە هەموویان بۆ کوێ چوون؟"
 
رەی گوتی، ئەو زانیارییەی لەبەردەست نییە، گوتیشی: "وەک گوتم، ئەوەی پەیوەندیی بە سەرۆکی پێشوو ترەمپەوە هەیە، هەندێ پرسیار هەن لەسەر ئەوەی ئایا گوللـە یان ساچمە بەر گوێی کەوتووە."
رەی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئەوەی بەر گوێی ترەمپ کەوتووە گوللـە بووبێت، دڵنیا نییە کە دوای ئەوە بەر کەسێکی دیکەش کەوتووە یان نا، گوتیشی: "بەڵام بڕوام وایە هەر هەموو ئەو گوللـەیانەمان دۆزینەوە کە لە فیشەکدانەکە تەقێنرابوون."
 
FBI هیچ رۆڵی لە پاسەوانیکردنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەدا نەبوو، بۆیە لێپێچینەوەیەکی کەمتری لەگەڵدا دەکرێت بەراورد بە فەرمانگەی کاروباری نهێنی کە لە پاڵ کاری هەواڵگری، یەکێک لە بەرپرسیارێتییەکانی بریتییە لە پاراستنی سەرۆک و سەرکردەکانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا. 
 
رۆژی سێشەممە، کیمبەرلی چیتڵ دەستی لە پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەکە  کشاندەوە، دوای ئەوەی کە لە لایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە رەخنەی توندی لێگیرا بەوەی کە نەیاتوانیوە ئاساییشی ترەمپ بپارێزێت. 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە