لە ئەڵمانیا داوای پەناخوازێکی حەسەکە رەتکرایەوە؛ 'سووریا شوێنێکی سەلامەتە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران'

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکی ئەڵمانیا سکاڵای هاونیشتمانییەکی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانی رەتکردەوە کە داوایکردبوو، مافی پەنابەرێتیی پێبدرێت، لەبەرئەوەی بە گوتەی خۆی سووریا شوێنێکی سەلامەت نییە. بەڵام دادگەکە رایگەیاند، سووریا شوێنکی سەلامەتە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران و "هیچ مەترسییەکی گشتی" لەسەر خەڵکی سڤیل نەماوە. 
 
ئەو هاونیشتمانییە بەهۆی ئەوەی لە نەمسا تاوانبارکراوە بەوەی دەستی لە بەقاچاخبردنی کۆچبەری نایاساییدا هەبووە بۆ ئەورووپا، داوای لە دادگە ئەڵمانییەکە کردبوو، مافی پەنابەرێتیی پێبدەن لەبەرئەوەی بە گوتەی خۆی، بەهۆی مەترسیی شەڕی نێوخۆی سووریا، ناتوانێت بگەڕێتەوە حەسەکە. 
 
بەڵام دادگەکە داواکەی رەتکردەوە، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە شەڕی نێوخۆی سووریا مەترسیی بۆ خەڵکی سڤیل نەماوە. 
 
مارکۆ بوشمان، وەزیری دادی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەو بڕیارە لە جێی خۆیدایە. ئەگەر کەسێک پێیوابێت هەندێ شوێنی ئەو وڵاتە زۆر مەترسیدارن، هەندێ ناوچەی دیکە هەن کە هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر ژیان نییە."
 
سووریا لە دوای جەنگی نێوخۆوە، لە لایەن ئەڵمانیاوە بە شوێنێکی ناسەلامەت بۆ گەڕانەوەی خەڵکی سڤیل دانرابوو. 
دیارنییە بڕیاری ئەو دادگەیە چ کاریگەرییەکی لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی دامودەزگەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ پەناخوازانی سووریایی دەبێت، چونکە هێشتا دەکرێت داوای تێهەڵچوونەوەی بکرێت. 
 
ئەو هاونیشتمانییەی شاری حەسەکە، ساڵی 2014 گەیشتبووە ئەڵمانیا. 
 
بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگە ئەڵمانییەکە، پیاوەکە پێش ئەوەی بڕواتە ئەڵمانیا لە نەمسا بەهۆی بەقاچاخبردنی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ ئەورووپا، سزای بەندکردنی بۆ دەرکرابوو. 
 
بەهۆی ئەو سزایە، دامودەزگەکانی ئەڵمانیا سەرەتا رەتیانکردبووەوە مافی پەنابەرێتیی پێ بدەن، بەڵام دواتر دادگەیەک ناچاریکردن وەک پەنابەر دانی پێدا بنێن. 
 
ئەم بڕیارەی کە ئێستا دادگەی مونستر دەریکردووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە کۆنە بوو. 
 
دادوەری دادگەی موستر گوتی، پیاوەکە لە سووریا رووبەڕووی چەوساندنەوەی سیاسی نەبووەتەوە و تاوانەکانی پێشوویشی هۆی ئەوەن کە مافی پەنابەرێتیی لێ بسەندرێتەوە. 
 
لە ئەڵمانیا، ئەوانەی مافی پەنابەرێتییان پێ نادرێت، ئەگەر لە وڵاتی بنەڕەتی خۆیان مەترسییان لەسەر بێت، ئەوا "پاراستنی لاوەکی"یان پێ دەدرێت کە بۆ ماوەیەکی کاتییە، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئەو تایبەتمەندییەش، پێویستە کەسەکە هۆکارێکی قایڵکەری هەبێت کە بیسەلمێنێت لە وڵاتی خۆیدا مەترسیی جیدیی لەسەرە. 
 
بەڵام دادگەی مونستر رایگەیاندووە، ئەو پیاوەی حەسەکە، شایستەی ئەوەش نییە، چونکە "پارێزگای حەسەکە و سووریاش بە گشتی" مەترسییان نەماوە. واتە مانەوەی پیاوەکە لە ئەڵمانیا نایاساییە کە دواتر دامودەزگەکانی وڵاتەکە بڕیاری لەسەر دەدەن. 
 
بەڵام ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا شتێکی جیاواز پێشاندەدات و دەڵێت، سووریاییەکان و بیانییەکان دەکرێت لە سووریا "ببنە قوربایی تیرۆرستەکان و جیهادییە پەڕگیرەکان."
 
هەروەها باس لەوە  دەکات کە دۆخی ئەمنی بە گشتی لەو وڵاتە "زۆر شلۆقە."
 
دوای بڕیارەکەی دادگەی مونستر، ئەلێساندەر تۆرم، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنیی سووریا بکاتەوە. 
 
بوشمانیش رایگەیاند: "ئیدی ناکرێت بڵێین لە تەواوی وڵاتەکە دۆخی ئەمنی یەک شێوەیە، بەڵام پێویستە لە نزیکترەوە سەیری بکەین."
 
ڤیبکە جودیت، گوتەبێژی رێخکراوی Pro Asylی ئەڵمانیا کە داکۆکی لە پەنابەران دەکات، گوتی: "دادگەی مونستر لە دەرکردنی بڕیارەکەیدا دۆخی راستەقینەی سووریای لەبەرچاو نەگرتووە."
 
مانگی حوزەیران، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، هەوڵدەدەن ئەو پەنابەرانەی سەرپێچی دەکەن، دیپۆرتی سووریا و ئەفغانستان بکەنەوە. ئەو هەڵوێستەی شۆڵتز دوای ئەوە هات کە پەنابەرێکی ئەفغانستانی لە شاری مانهایم لە باشووری رۆژئاوای ئەڵمانیا بە چەقۆ پۆلیسێکی کوشت و چوار کەسی دیکەشی بریندارکرد. 
 
وێڕای ئەوەی بە درێژایی شەڕی 13 ساڵەی نێوخۆی سووریا، ئەڵمانیا شوێنی مەبەستی سەرەکیی پەناخوازانی سووریایی بووە، هەڵوێست و تێڕوانینی سیاسەتڤانانی ئەو وڵاتە ئەورووپییە لە بەرامبەر پەنابەراندا لەم چەند ساڵەی دواییدا توند بووە.
 
 پارتی ئەڵتێرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا کە راستڕۆی تووندئاژۆی دژە کۆچبەرە، لە هەڵبژاردنی نێوخۆ  و هەڵبژاردنی یەکێتیی ئەورووپاشدا دەنگەکانی بە شێوەکەی بەرچاو زیادیان کردووە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە