رووداو دیجیتاڵ
34 هاووڵاتیی جەزائیری لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە کە لە نێوانیاندا 10 کەس لە ئەندامانی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە هەن؛ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی جەزائیر نزیکەی هەزار و 500 هاووڵاتیشیان لەو ناوچانە گواستووەتەوە کە ئاگر لێیانەوە نزیکە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە 97 ئاگر لە دارستانەکانی 16 هەرێمی جەزائیر کەوتووەتەوە و حکومەتیش تەواوی هەوڵەکانی خستوەتەگەڕ بە مەبەستی کوژاندنەوەیان. بەرپرسانی وڵات دەڵێن، نزیکەی هەشت هەزار پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە و 350 ئۆتۆمبێل و ژمارەیەک فڕۆکە لە لایەن تیمەکانەوە بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکان بەکاردەهێنرێن.
24 کەس لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە هاووڵاتیی سڤیلن و 10 کەسەکەی دیکەش ئەندامی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەن. عەبدولمەجید تەبون، سەرۆکی جەزائیر کە هاوکات وەزیری بەرگرییشە دەڵێت، 25 کەسی دیکەش لە ئەندامانی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکاندا برینداربوون.
بە گویرەی وەزارەتی ناوخۆی جەزائیر، گەورەترین ئاگرکەوتنەوەکان لە هەرێمەکانی کابیل و بویرەی رۆژهەڵاتی پایتەختی وڵاتن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی هەزار و 500 کەس لە سنووری شارەکانی فینایا، بیجایا، زباربار و بویرە بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە.
پلەی گەرما لە باکووری جەزائیر لە هاویندا زۆر بەرز دەبێتەوە. رۆژی دووشەممە، 24-7-2023، پلەی گەرما لەو ناوچەیەی وڵات 48 پلەی سیلیزی بوو.
جەزائیر گەورەترین وڵاتی ئەفریقایە لە رووی رووبەرەوە و زیاتر لە چوار ملیۆن هێکتار دارستانی هەیە. ساڵانەش ئاگر لە بەشێکی ئەو دارستانانە دەکەوێتەوە. ساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە لە دارستانەکانی ئەو وڵاتە 43 کەس گیانیان لەدەستدا و 200 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ