سەرۆک پارتێکی نەرویجی لە دوای دزینی چاویلکەیەکی گرانبەها دەستی لەکارکێشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
بیۆنار ماکسنێس، سەرۆکی پارتی سووری نەرویج ناچار بووە دەست لە سەرۆکایەتی پارتەکەی بکشێنێتەوە. هۆکارەکەشی دزینی چاویلکەیێکی گرانبەهایە لە فڕۆکەخانەی شاری ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتەکە.
بیۆنار ماکسنێس، سەرۆکی پێشووی پارتی سووری نەرویجی رایگەیاند، "دەمەوێت بەوە دەستپێبکەم، کە داوای لێبووردن دەکەم. داوای لێبووردن لە هەمووتان دەکەم".
سەرەتا ماکسنێس خۆی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دواتر لە رێگەی کامێرای فڕۆکەخانەوە، ئاشکرا بووە، کە لە 16ی ئەم مانگە لە یەکێک لە دووکانەکانی نێو فڕۆکەخانەکە چاویلکەیێکی مارکەی هیگۆ بۆسی دزیوە.
ماکسنێس 11 ساڵ سەرۆکی پارتی سوور بووە، هەر لە دوای دەستلەکارکێشانەوەشی، دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پارتەکە، سەرۆکی نوێیان هەڵبژارد.
ماری سنیڤ مارتینسن، سەرۆکی نوێی پارتی سووری نەرویجی دەڵێت، "هەڵوێستی من زۆر روون بووە و هەر لەسەرەتاوە دزین کارێکی باش نییە، لەگەڵ ئەوەش ماکسنێس لەسەرەتاوە زانیاریی تەواوی پێنەداین و ئەمەش شتێکی شاراوە نەبووە، ئەمەش تووڕەی کردم و راستەوخۆش پەیامەکەم بە ماکسنێس گەیاند".
پارتی سوور خاوەنی هەشت کورسیی پەرلەمانە. سەرۆکی پێشووی پارتەکە لە رێگەی فەیسبووکەوە روونکردنەوەی لەسەر رووداوەکە دا و گوتی: "زۆر کەس پرسیاری لێکردووم چۆن ئەو کارەم کردووە، تائێستا خۆشم وەڵامی ئەو پرسیارە نازانم".