جیهان
کۆچبەران بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا سربیا بەکاردەهێنن. وێنە: Nikolay DOYCHINOV / AFP
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سربیا و ئاژانسی چاودێریکردنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتنێکیان بۆ زیادکردنی هاوئاهەنگی نێوانیان واژۆ کرد. ئەو هاوئاهەنگییە بۆ رێگریکردنە لە چوونی کۆچبەران لە سربیاوە بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا.
رۆژی سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی چاودێریکردنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا (فرۆنتێکس) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ حکومەتی سربیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و چاودێریکردنی سنوورەکان و کەناراوەکانی وڵاتەکە رێککەوتوون.
بەشێکی رێککەوتنەکە تایبەتە بە جێگیرکردنی هێز لەسەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەو بارەوە دەڵێت، "تووندوتۆڵکردنی سنوورەکان، بەتایبەت ئەوانەی رێگەی کۆچبەرانن، هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گەیشتنی کۆچبەرانی نایاسایی و رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچیی چەک و تاوانی رێکخراو."
رێککەوتنەکە لەلایەن هەریەک لە یلڤا یۆهانسن، کۆمیسیاری کاروباری نێوخۆیی یەکێتیی ئەورووپا و ئیڤیچا داچیچ، وەزیری ناوخۆی سربیا واژۆکرا، ئەوە دوای زیاتر لە ساڵێک گفتوگۆکردن.
وەزیری ناوخۆی سربیا رایگەیاند، "حکومەتەکەمان سنوورەکانی وڵاتەکە دەپارێزێت، بەڵام رێککەوتنەکە دڵنیایی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەموو ئەورووپا دەدات. بۆیە پێویستمان بە پاڵپشتی و وەڵامە."
سربیا کەوتووەتە سەر رێگەی بەڵکان کە کۆچبەران بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بەکاریدێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ