ئیسپانیا دەستگیرکردنی تۆڕێکی مادەی هۆشبەری راگەیاند؛ خەڵکی سووریا و تورکیای تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیسپانیا دەڵێت، تۆڕێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە قاچاخچێتیکردن بە مادەی هۆشبەری دەستگیرکردووە. سەرۆکی تۆڕەکە خەڵکی تورکیایە.
رۆژی سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، پۆلیسی ئیسپانیا بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا 28 ناوچەی شارەکانی مەلەگە، گرانادا و سیڤیلیەیان پشکنی و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاش، چەک، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و زیاتر لە دوو تۆن ماریوانادا گرت.
پۆلیس دەشڵێت، لەو ئۆپەراسیۆنەدا 36 گومانلێکراویان دەستگیرکرد کە خەڵکی 10 وڵات بوون؛ سەرۆکی تۆڕەکە هاووڵاتییەکی تورکیای دانیشتووی ئیسپانیا بوو. ئەو کەسە داواکراوی نێودەوڵەتی بوو کە لەلایەن وڵاتەکەیەوە داوای دەستگیرکردنی کرابوو.
پۆلیسی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەش کرد، گومانلێکراوەکان "کاریان گواستنەوەی بڕێکی زۆر ماریوانا و هیرۆین بووە لە وڵاتەکەمانەوە بۆ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ئەورووپا". ئەو گومانلێکراوانە خەڵکی وڵاتانی تورکیا، سووریا، ئەرجەنتین، ئەڵمانیا، مۆنتێنیگرۆ، رۆمانیا، ئیسپانیا، ئۆکراینا و ڤەنزوێلان.
پۆلیسی یەکێتیی ئەورووپا (یۆرۆپۆل) کە بەشداری لێکۆڵینەوەکان بووە دەڵێت، 400 پۆلیس لە فەرەنسا، ئیسپانیا و تورکیاوە بەشدارییان لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە.
ئیسپانیا لەو وڵاتانەیە لە رێگەیەوە مادەیەکی زۆری هۆشبەر دەچێتە وڵاتانی ئەورووپا؛ ئەوە بەهۆی هەبوونی پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای باشوور و نزیکی لە وڵاتی مەغریبەوە.
بە گوێرەی سەنتەری ئەورووپی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر، 70%ی ئەو مادە هۆشبەرەی دەبرێتە ئەورووپا بە وڵاتانی بەلجیکا، هۆڵەندا و ئیسپانیادا دەبرێت.