دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسی باڵای رووسیا دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا و سەرۆک ئەرکانی سوپای رووسیا دەرکرد؛ هۆکارەکەشی بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ژێرخانی ئابووریی ئۆکراینا دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024 دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سێرگی شۆیگۆ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا و ڤالێری گێراسیمۆڤ، سەرۆک ئەرکانی سوپای رووسیا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
دادگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوو کەس بە ئەنجامدانی "تاوانی جەنگ" تۆمەتبارن، هێرشی راستەوخۆیان کردووەتە سەر ئامانجە سڤیلەکان لە جەنگی نێوان وڵاتەکەیان و ئۆکراینادا.
بەرپرسانی ئۆکراینا بڕیارەکەیان بە "گرنگ" ناوبرد. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "هیوادارم هەردوو تۆمەتبارەکە لەپشت شیشەکانی بەندیخانەوە ببینم."
رووسیاش فەرمانی دەستگیرکردنەکەی رەتکردەوە و بە "بێ بایەخ" ناوی برد.
ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەوانە قسەی بێ مانان، چونکە بڕیارەکانی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی رووسیا ناگرنەوە؛ بڕیارەکەش بەشێکە لە شەڕی رۆژئاوا دژی وڵاتەکەمان."
لە ئاداری رابردوودا دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، کە بارەگاکەی لە شاری لاهایە لە هۆڵەندا، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەرکرد.
هەر کەسێک کە دادگەی تاوانی نێودەڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکات، ناتوانێت سەردانی هیچ یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی دادگەکە بکات، چونکە دەکرێت رووبەڕووی دەستگیرکردن ببێتەوە.
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد. وڵاتانی رۆژئاوا بایی زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە. رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014یشەوە نیمچەدوورگەی کریمیای ئۆکراینا بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندووە.
لە نیسانی ئەم ساڵ، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی وڵاتەکەی دژی رووسیاوە 31 هەزار سەربازیان کوژراون؛ ئەمریکاش رایگەیاندووە نزیکەی 100 هەزار سەربازی رووسی لەو جەنگەدا کوژراون.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.