پارتەکانی بەریتانیا پرسی کۆچبەران دەکەنە پرسی سەرەکیی هەڵبژاردنەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، سەردانی کەناراوەکانی ناوچەی کلۆڤلی کرد، کە دوا خاڵی سنوورییە ئاوییەکانی بەریتانیایە لەگەڵ فەرەنسا. ئەو لەژێر گوشاردایە بۆئەوەی قەیرانی کۆچبەران چارەسەر بکات و بیکاتە دەستکەوت بۆ هەڵبژاردنەکان.
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەمە پرسێکی گرنگە و ئەرکی حکومەتە تاوەکو ئەم بازرگانییە پیسە بوەستێنین، کە گرووپە قاچاخچییەکان خەڵکی بێتاوان دەخەنە نێو بەلەمەوە و بە نۆکەندی ئینگلیزدا دەیاننێرنە وڵاتەکەمانەوە و سنوورەکانمان دەبەزێنن."
 
پرسی کۆچبەران بووەتە پرسێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی بەریتانیا، کە بڕیارە لە 4ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت. پارتی پارێزگاران کە 14 ساڵە دەسەڵاتی لەلایە، دەیەوێت بە رەوانەکردنی کۆچبەران بۆ رواندا چارەسەری بکات.
 
نایجڵ فاراج، سەرۆکی پارتی راستڕۆی ریفۆرمی بەریتانی دەڵێت، "کێشەیەکی گەورەم لەگەڵ ئەو خەڵکانە هەیە کە روو لە بەریتانیا دەکەن و تێکەڵاوی کۆمەڵگە نابن، تەنیا بە زمانی خۆیان قسە دەکەن، دەزانی ئەمە کارەساتە."
 
بەگوێرەی نوێترین راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی داهاتووی بەریتانیا، پێشبینی کراوە، پارتی کاری بەریتانی 42%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و هەڵبژاردنەکان بباتەوە؛ هەروەها پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار 19%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. هەرچی پارتی راستڕۆی دژە کۆچبەری ریفۆرمی بەریتانییە؛ پێشبینی کراوە 16%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، پارتە ئازادیخوازە دیموکراتەکان 9% و پارتی سەوزی چەپڕۆکان 5%ی دەنگەکان بەدەستبهێنن.
 
کایر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانی دەڵێت، "بێگومان دەمەوێت ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی کەم بکەمەوە، بۆیە فەرماندەییەکی پاسەوانیی سنوور پێکدەهێنین، فەرماندەییەک کە سەرچاوە و دەسەڵاتی زۆری لەدەست بێت. بەتایبەتیش رووبەڕووبوونەوەی ئەو باندی قاچاخچیانە، ئەمە سیاسەتی جیدییە بەرامبەر بەو کێشە جیدییە، نەک بەرنامەی گاڵتەجاڕیی رواندا، کە سەرناگرێت و دەبینیت ژمارەی کۆچبەران زیاتر بوون."
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، زیاتر لە 12 هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمەش حکومەتی بەریتانیای خستووەتە ژێر گوشارێکی گەورە، تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.