لە کینیا دژی زیادکردنی باج خۆپێشاندانە و پێنج کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
دوای پەسندکردنی یاسایەک بۆ زیادکردنی باج لەسەر خەڵک، بەشێک لە خەڵکی کینیا لە نایرۆبیی پایتەخت هەڵیان کوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمان و گڕیان لە بەشێکی بەردا، بەوهۆیەوە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان روویدا و 5 کەس کوژران.
بەپێی ئاماری سەندیکای تەندروستیی کینیا، جگە لە کوژرانی پێنج کەس، 31 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رێکخراوکانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە دەڵێن، ئەو کەسانە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
چەندین هەفتەیە خەڵکی کینیا دژی پڕۆژەیاسایەک خۆپێشاندان دەکەن کە پێشنیازی بەرزکردنەوەی باجی لەسەر خەڵک کردووە. لەوانە 16٪ـی باج لەسەر نان و 25٪ لەسەر رۆنی چێشتلێنان.
هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی خۆپێشاندەرانیان دایەوە و دەیان کەسیان دەستگیرکردووە.