رووداو دیجیتاڵ
دوای پەسندکردنی یاسایەک بۆ زیادکردنی باج لەسەر خەڵک، بەشێک لە خەڵکی کینیا لە نایرۆبیی پایتەخت هەڵیان کوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمان و گڕیان لە بەشێکی بەردا، بەوهۆیەوە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان روویدا و 5 کەس کوژران.
بەپێی ئاماری سەندیکای تەندروستیی کینیا، جگە لە کوژرانی پێنج کەس، 31 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رێکخراوکانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە دەڵێن، ئەو کەسانە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
چەندین هەفتەیە خەڵکی کینیا دژی پڕۆژەیاسایەک خۆپێشاندان دەکەن کە پێشنیازی بەرزکردنەوەی باجی لەسەر خەڵک کردووە. لەوانە 16٪ـی باج لەسەر نان و 25٪ لەسەر رۆنی چێشتلێنان.
هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی خۆپێشاندەرانیان دایەوە و دەیان کەسیان دەستگیرکردووە.
رێکخراوی نێتبلۆکس کە چاودێری هێڵەکانی ئینتەرنێت لە وڵاتانی جیهان دەکات لە ئێکس بڵاویکردەوە، "داتاکانی ئینتەرنێت وەستانی هێڵی ئینتەرنێتی کینیا پێشان دەدەن."
ئەمە رۆژێک دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی وڵاتەکە رایانگەیاند، بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە ئەگەری راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت هەیە.
حکومەتی کینیا دەیەوێت بە زیادکردنی باج دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار داهات کۆبکاتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە قەرزی سەر وڵاتەکە 68٪ی کۆی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە پێکدەهێنێت، ئەوەش 55٪ـی زیاترە لەو رێژەیەی لەلایەن بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی نێودەوڵەتی دراوەوە دیاریکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ