فرۆنتێکس زیاتر لە 200 قاچاخچیی دەستگیرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی ئەوروپی بۆ رێکخستنی ئۆپەراسیۆنی هاریکاری لەسەر سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا ناسراو بە فرۆنتێکس راگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ئەورووپی (یۆرۆپۆل)، پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)، بە بەشداری 40 وڵات توانیویانە زیاتر لە 200 قاچاخچی دەستگیربکەن.
 
لەو ئۆپەراسیۆنەدا بە ناوی "زنجیرەی جیهانی 2024" هێزەکانی پۆلیس و پاسەوانی سنوور لە کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئەفریقا، ئەمریکای باشوور، ئاسیا و ئوسترالیا بەشدارییان کردووە و تێیدا قاچاخچیی مرۆڤ، مافیا، گرووپی تاوانکاری دەستگیرکراون لەنێویاندا ئەو گرووپانەی کە پەیوەندیی ئیتنی یان خێزانی دەیانبەستێتەوە هەروەها باندەکانی تایبەت بە قاچاخچێتیی بە منداڵان.
 
جگە لەو باندانە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە لە نێوان رۆژانی 3 تاوەکو 9ی حوزەیرانی ئەم ساڵ کراوە، هێزە ئەوروپییەکانی سەر بە فرۆنتێکس و هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانی وڵاتانی ئەفریقا و ئەورووپا سەرنجیان خستەسەر "هەڵوەشاندنەوە" تۆڕە تاوانبارەکانی سێکس و بە زۆر سواڵپێکردنی منداڵ و ناچارکردنیان بە دزین و کوشتن؛ لە ئەنجامدا 219 قاچاخچی دەستگیرکران و هەزار و 374 قوربانی ژێر دەستیان رزگارکران زۆربەیان ژن  و منداڵن.
 
سەرجەم زانیارییەکانی تایبەت بە ئۆپەراسیۆن و شوێنی قاچاخچی و هاوئاهەنگیکردنی هێزە بەشداربووەکان لە ناوەندی سەرەکیی فرۆنتێکس لە وارشۆ، پایتەختی پۆڵەندا، رێكدەخران.
 
وڵاتە بەشداربووەکان
 
بەگوتەی ئاژانسی فرۆنتێكس لە ئۆپەراسیۆنی "زنجیرەی جیهانی 2024"، چل وڵات لە پێنج کیشوەر بەشدارییان کردووە، ئەوانیش: ئەلبانیا، نەمسا، بەلجیکا، بۆسنیا، بولگاریا، کرواتیا، قوبرس، دانیمارک، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هەنگاریا، یۆنان، ئایسلاند، ئێرلەندا، کۆسۆڤۆ، لیتوانیا، ماڵتا، لاتڤیا، مۆڵدۆڤا، مۆنتینێگرۆ، هۆڵەندا، پۆڵەندا، مەسەدۆنیای باکوور، پۆڵەندا، پۆرتوگال، رۆمانیا، سڕبیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا، سوێد، سویسرا، ئۆکراینا، بەریتانیا، بەرازیل، کۆلۆمبیا، ڤێتنام، تایلاند و نایجەر.