رووداو دیجیتاڵ
جولیان ئاسانج، دامەزرێنەر و خاوەنی ماڵپەڕی ویکیلیکس دوای پێنج ساڵ مانەوەی لە بەندیخانەیەکی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، ئازاد کرا و بە فرۆکەیەکی تایبەت بەرەو دوورگەیەکی ئەمریکا بەڕێکەوت.
رۆژی سێشەممە، 25-06-2024، ماڵپەڕی ویکیلیکس لە ئێکس بڵاویکردەوە کە خاوەنی ماڵپەڕەکەیان ئازادکراوە، لەدوای ئەوەی پێنج ساڵ لە بەریتانیا دەستبەسەر بوو. دادگە بڕیاری دا رادەستی ئەمریکای بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی میدیای ئەمریکا، تیمی پارێزەرانی ئاسانج و حکومەتی ئەمریکا رێککەوتوون، خاوەنی ویکیلیکس لە دوورگەی باکووری ماریانا لە زەریای ئارام کە بەخاکی ئەمریکا هەژمار دەکرێت، لەسەر تاوانی پیلانگێڕی و بڵاوکردنەوەی زانیاری نهێنی هەستیاری سەربازی دادگەیی بکرێت.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە بڕیارە ئاسانج لەو ناوچەیەی زەریای ئارام رۆژی چوارشەممە دادگەیی بکرێت و چاوەڕێ دەکرێت 62 مانگ زیندانی بکرێت، کە دەکاتە پێنج ساڵ و دوو مانگ زیندانی کە هەمان ماوەی زیندانیکردنی ئاسانجە لە بەریتانیا، بەگوێرەی رێککەوتنەکەی ئاسانج و ئەمریکا، لەدوای دادگەییکردنی، ئەو ئازاد دەکرێت و دەتوانێت بگەڕێتەوە نیشتمانی خۆی کە ئوسترالیایە.
لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکردنی ئاسانج، حکومەتی ئوسترالیا رایگەیاند، کەیسی ئاسانج زۆر درێژکراوەتەوە و "چیدیکە هیچ شتێک بەدەستناهێندرێت لە درێژکردنەوەی دەستبەسەرکردنی."
ئاسانجی تەمەن 52 ساڵ، لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە داواکراو بوو، دوای ئەوەی لەساڵی 2010 بە هەزاران بەڵگەنامەی نهێنیی ناوەندە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکای بڵاوکردووەتەوە.
لەماوەی دەستبەسەربوونی لە بەریتانیا، ئاسانج وەکو پاڵەوانی ئازادی رادەربڕین دەبینرا و لەلایەن ئەوانەشی کە پێیانوابوو ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە، بە تاوانبار دەبینرا.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەیانویست، ئاسانج زیندانی بکەن، بەڵام ئەو رێککەوتنەی نێوان ئەمریکا و ئاسانج، کۆتایی بە 14 ساڵی کێشە و ناکۆکییە ئاساییە دێنێت.
لەبەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، ویکیلیکس کورتە ڤیدیۆیەکی ئاسانجی بڵاوکردەوە کە تیایدا پێشانی دەدات ئاسانج لە لەندەنەوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بەرەو ئەو دوورگە ئەمریکییە بەڕێدەکەوێت.
لەساڵی 2019، دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا، لەسەر 18 تاوان، لەوانە بڵاوکردنەوە بەڵگەنامەی نهێنی و ئەمنی ئەمریکا دادگایی کرد.
ئاسانج بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە نێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر لە لەندەن مایەوە، دواتر لە نیسانی 2019 پۆلیسی بەریتانیا دەستبەسەری کرد.
ئەو هەڕەشەی رادەستکردنی بۆ ئەمریکا و سوێدی لەسەربوو، کە دووەمیان تۆمەتباری کردبوو بەوەی دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر دوو ئافرەت. بەڵام دواتر ئەو دۆسیەیە داخرا.
لە حوزەیرانی 2022، بەریتانیا رازی بوو ئاسانج رادەستی ئەمریکا بکاتەوە بۆ دادگاییکردنی، بەڵام دواتر لەدادگە، ئاسانج کەیسەکەی بردەوە و هەر لە بەریتانیا مایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ