لە رووداوێکی تەقەکردن لە نزیک یانەیەکی هاوڕەگەزخوازان لە نەرویج 2 کەس کوژران؛ "تۆمەتبارەکە ئێرانییە"

25-06-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە نەرویج لانیکەم 2 کەس کوژران و 14 کەسی دیکەش برینداربوون. پۆلیسی نەرویجیش دەڵێت، تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە بە رەچەڵەک ئێرانییە.
 
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 25ـی حوزەیرانی 2022 پۆلیسی نەرویج رایگەیاند، لە نزیک چەند یانەیەکی شەوانە لە ناوەندی ئۆسلۆی پایتەختی وڵات لە رووداوێکی "تیرۆریستیدا" تەقە بەسەر خەڵکدا کراوە و لە دوای رووداوەکەش گومانلێکراوێک دەستبەسەرکراوە. پۆلیس دەشڵێت، رووداوەکە کاژێر 1:00ـی بەرەبەیان بە کاتی ئۆسلۆ [2:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر] روویداوە و ئاماژە بەوەش دەکات، یەکێک لەو شوێنانەی تەقەی لێکراوە، یانەیەکی شەوانەی هاوڕەگەزخوازان بووە. 
 
تۆر بارستاد، بەرپرسی پۆلیسی ئۆسلۆ رایگەیاند، دوو کەس کوژراون و دەستیان بەسەر دوو جۆری چەکیشدا گرتووە؛ باسی لەوەشکرد کە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کەسێک بە تەنیا ئەو سێ تەقەکردنەی ئەنجامدابێت کە وەکو خۆی دەڵێت، لەدوای 5 خولەک لە تەقەکردنەکە "دەستبەسەرکراوە". بەرپرسی پۆلیسی ئۆسلۆ ئاماژەی بە پاڵنەری پشت هێرشەکە نەدا.
 
لەو 14 کەسەشی کە برینداربوون، 8ـیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و 6ـی دیکەش کە برینیان سووک بووە، لەلایەن تیمی پزیشکییەوە لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
 
تاوەکو ئێستا خوێناویترین رووداوی کوشتنی بەکۆمەڵ لە نەرویج روویدابێت لە مانگی تەممووزی 2011 بووە کە تێیدا کەسێکی راستڕەوی نەرویجی بە ناوی ئاندێرس بێرینگ 77 کەسی کوشت. بێرینگ سەرەتا بۆمبێکی لە نزیک ناوەندێکی حکومی لە ئۆسلۆ تەقاندەوە کە 8 کەسی تێدا کوشت و دواتریش چووە دوورگەی یوتۆیا لە رۆژئاوای ئۆسلۆ و 69 کەسی دیکەی کوشت کە زۆربەیان گەنج بوون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.