شەپۆلێكی ئاوارەبوونی نوێ لە یەمەن دەستیپێکردووە

رووداو - یەمەن 

لە چەند رۆژی رابردوو شەپۆلێكی ئاوارەبوون لە یەمەن و بە تایبەتی لە شاری حودێدە دەستیپێكردووە و نزیكەی سێ هەزار خێزان گەییشتنە سەنعای پایتەخت ، بەمەش خراپی رەوشی مرۆیی گەییشتە لووتكە. 

كێشەی گەورەی ئەو ئاوارانەش نەبوونی شوێنی حەوانەوەیە، سەرەڕای لەدەستدانی سادەترین پێداویستیەكانی گوزەران.

بەهۆی نەبوونی جێگەی شیاو هاووڵاتیان یەمەن روو لە باڵەخانە حکومییەکان دەکەن و بە چەند بنەماڵە لە ژوورێکی خوێندنگەیەکدا دا دەمێننەوە.  

محەممەد ئەبكر ، ئاوارە دەڵێت "كاژێر 8:00ـی شەوی پێنجشەممەی رابردوو بەهۆی شەڕو پێكدانەكان ناچار بووین ئۆتۆمبێلێك بگرین و دەرچین، ژن و منداڵەكانمان زۆر ترسان، بە گرنگمان زانی شاری حودەیدە جێبێڵین، چونكە پێمانوابوو مانەوەمان لەوێ‌ واتەمردن".

ملیۆنان یەمەنی بەهۆی شەڕو پێكدانەكان ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت، كەمی هاوكاریە مرۆییەكانیش نەهامەتیەكانیانى زیاتركردووە، بەپێی ئاماری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش كە لە راپۆرتەكانی پێشوو ئاماژەیان پێكردووە بەردەوامی پشێوی و شەپۆلی ئاوارەكان هەوڵەكانی سوككردنی نەهامەتییەكان بەشێویەكی بەرچاو پاشەكشەيكردوە.

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن