گەنجێک لە فینلاند گێچەڵی سێکسی بە 120 کچی خوار تەمەن 18 ساڵ دەکات و دە ساڵ بەنددەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

کوڕێکی تەمەن 27 ساڵی فینلاندی بە تاوانی گێچەڵی سێکسی بە 120 کچی خوار تەمەن 18 ساڵ لەلایەن دادگەی فینلاندەوە بە زیاتر لە 10 ساڵ زیندانی کرا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25-5-2023، دادگەی پیرکانمای فینلاند هاووڵاتییەکی بە ناوی جێسی ئێرکۆنن، تەمەن 27 ساڵ سزادا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ نزیکبوونەوە و داواکردنی وێنە و ڤیدیۆی رووت لە کچی منداڵ و مێرمنداڵ بەکارهێناوە و لە دواتردا هەڕەشەی لێکردوون.
 
ئەو تۆمەتانەی دادگە سزای جێسی پێداوە بریتین لە 20 تۆمەتی گێچەڵی سێکسی زۆر خراپ لەگەڵ کچی منداڵ و نەوجەوان، 59 تۆمەتی گێچەڵی سێکسی دیکە و 111 تۆمەتی پەیوەست بە داواکردنی پارە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی رووتی کچە منداڵەکان، هەڕەشەکردن لێیان و پێدانی هۆشبەری جۆری ماریوانا پێیان.
 
دادگە تاوانبارەکەی بە 10 ساڵ و 6 مانگ بەندکردن سزاداوە.
 
ژمارەی ئەو منداڵ و نەوجەوانانەی جێسی هەراسانی کردوون، 120 کەسن و تەمەنیان لە نێوان 11 بۆ 16 ساڵ بووە. هەروەها زۆربەیان دانیشتووی شارۆچکەی ڤالکیاکۆسکین لە هەرێمی پیرکانمای فینلاندن کە 150 کیلۆمەتر لە هێلسنکیی پایتەختەوە دوورە.
 
جێسی داوای لە کچەکان کردووە لەگەڵیدا سێکس بکەن یان وێنە و ڤیدیۆی رووتی خۆیانی بۆ بنێرن و لە بەرامبەردا ئەویش پارە، خواردنەوە کحوولییەکان و مادەی هۆشبەریان پێدەدات؛ دوای ئەوەی بە قسەیانکردووە، بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان هەڕەشەی لێکردوون.
 
لە یەکێک لە دۆسیەکاندا، جێسی ئێرکۆنن داوای لە کچێکی تەمەن 11 ساڵ کردووە ڤیدیۆی خوشکە 7 ساڵانەکەی و هاوڕێکەی لەکاتی خۆشووشتن تۆماربکات و بۆی بنێرێت.
 
دادگەی پیرکانما دەڵێت، "بەشێک لەوانەی داوایان لەسەر ئێرکۆنن تۆمارکردووە گوتوویانە، کاتێک پرسیاری لەبارەی تەمەنیانەوە کردووە و ئەمان پێیان گوتووە منداڵن،  ئێرکۆنن گوتوویەتی تەمەن لای ئەو کێشە نییە."
 
کەیسەکەی جێسی ئێرکۆنن لە 2021دا بڵاوبووەوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی 10 لە قوربانییەکان دۆخی خۆیان بۆ راوێژکاری قوتابخانەکەیان باسکردووە. لەو کاتەشەوە جێسی ئێرکۆنن دەستگیکراوە.