کەنەدا و سعودیە پەیوەندییەکانیان بە تەواوی ئاسایی دەکەنەوە

25-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن سعودیە کەنەدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سعودیە راگەیاند، لەگەڵ کەنەدا رێککەوتوون پەیوەندییەکانیان بە تەواویی ئاسایی بکەنەوە، کە لە ساڵی 2018ـەوە لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ، ریاز باڵیۆزی کەنەدای دەرکرد و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵدا سڕ کرد. 
 
بڕیارەکە کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی کەنەداوە پشتڕاستکراوەتەوە، دوای گفتوگۆکانی ساڵی رابردووی نێوان محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا هات. 
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی سعودیەدا هاتووە: "بڕیاردراوە ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ کەنەدا دەگەڕێنینەوە سەر دۆخی پێشوو."
 
ساڵی 2018 حکومەتی سعودیە باڵیۆزی کەنەدای لە وڵاتەکە دەرکرد و باڵیۆزی خۆیشی لە ئۆتاوا بانگکردەوە. هاوکات هەموو پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵیدا سڕکردن. ئەم قەیرانە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دروستبوو کە کەنەدا سەرکۆنەی دەستگیرکردنی چالاکڤانانی لە سعودیە کرد و داوای ئازادکردنیانی کرد. 
 
رۆژی چوارشەممە، میلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، گوتی دوو وڵاتەکە "باڵیۆزی نوێ دەستنیشاندەکەن."
 
راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئاماژە بەوە دەکات، ژان فلیپ لینتوو، باڵیۆزی نوێی کەنەدا دەبێت بۆ سعودیە. بەڵام سعودیە باسی لەوە نەکردووە کێی دەستنیشانکردووە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: ئاشتبوونەوەکە لەسەر بنەمای "خواستی هەردوولا بوو بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش."
 
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، کە مانگی ئادار، سعودیە بە نێوەندگیریی چین، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاساییکردنەوە. سعودیە هەروەها لەگەڵ سووریاش ئاشتبووەتەوە و هەوڵی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ململانێی یەمەن دەدات. 
 
سعودیە هەروەها میوانداریی شاندەکانی دوو جەنەڕالە بەهێزە دوژمندارەکەی سوودان دەکات و پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا، نێوەندگیریی ئاگربەستێکیی حەوت رۆژەیان کرد، کە لە دووشەممەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
سعودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان. 
 
ساڵی 2021، قەبارەی هەناردەی کەنەدا بۆ سعودیە 2.2 ملیار دۆلاری ئەمریکی و هاوردەکانیشی 2.4 میار دۆلاری ئەمریکی بوو، ئەمە بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی حکومەتی کەنەدا. 
 
ئەو بەرهەمانەی کەنەدا لە سعودیەوە هاوردەی کردبوون، بەشی هەرە زۆریان نەوت و پترۆکیمیاییەکان بوون. 
 
ناکۆکییەکەی ساڵی 2018 دوای دەستگیرکردنی چەند چالاکڤانێکی مافی ژنان لەلایەن سعودیەوە، دەستیپێکرد. 
 
لەو کاتەدا، کەنەدا گوتی، "زۆر نیگەرانە" لە دەنگۆی شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردنی چالاکڤانان، لە نێویاندا، سەمەر بەدەوی، داکۆکیکاری مافی ژنان. کەنەدا هەروەها داوای لە سعودیە کرد "دەستبەجێ رزگاریان بکات."
 
هەرچەندە وەک بەشێک لە "روانگەی 2030"، ریاز دەستیکردووە بە ژمارەیەک گۆڕانکاریی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام رەخنەگران هێشتا لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ نیگەرانن. 
 
بەم دواییانە، سعودیە سزای زیندانیکردنی درێژخایەنی بۆ دوو ژنە چالاکڤان دەرکرد لەسەر ئەوەی ئەو پۆستانەیان لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە، کە رەخنەیان لە حکومەتی سعودیە گرتووە. ئەو سزایە رەخنەی گەورەی بۆ سعودیە بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
ساڵی 2022، سعودیە 147 کەسی لەسێدارە دا، کە دەکاتە دوو هێندەی ئاماری ساڵی 2021، کە 69 کەس بوو. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە